Abdullah Söylemez
15 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2022
ئاگری - AA
دیواری سنووری لە بەشی پارێزگای ئاگری لە سنووری تورکیا-ئێران کە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی تێدا جێگیرکراوە، لە رێگەی تاوەرە بیناییەکان، کامێرای گەرمی و هەستەوەرییەکانی بوومەلەرزەوە شەو و رۆژ کۆنترۆڵ دەکرێت.
لە چوارچێوەی پرۆژەی سیستمی ئاسایشی فیزیکی سنوور کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە دەستی پێ کردووە و بە هەماهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی سنوور بەڕێوەدەچێت، دیواری ئەمنیی بەشی پارێزگای ئاگری لە سنووری تورکیا-ئێران کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا دروستکردنی تەواو بوو بە تەکنەلۆجیای بەرز کۆنترۆڵ دەکرێت.
دیواری سنووریەکان کە شەو و رۆژ چاودێری دەکرێن و لە رێگەی تاوەری بیناییەکان، کامێرای گەرمی و هەستەوەری دەرککردن بە جووڵە بە شێوەیەکی تۆکمە کۆنترۆڵ کراون، رێگری دەکرێت لێیانەوە کۆچبەران تێبپەڕن، قاچاغچێتی و کاری نایاسایی بکرێت و چەکدارانی پەکەکە بچنە ناو تورکیا.
پارێزگاری ئاگری، عوسمان ڤارۆل بە یاوەری شاندێک هێڵی سنووری بەسەرکردەوە و لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە کرد دیوارە ئەمنییەکە وەبەرهێنانێکی گرنگە کە بە هەوڵ، رەنج و تێچوویەکی زۆر درست کراوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵات.
ڤارۆل باسی لەوە کرد کە دیوارە ئەمنییەکە کاری هێزە ئەمنییەکانی ئاسان کردووە و، رایگەیاند: "لە پرۆژەی دیوارە ئەمنییەکەدا ئەو کامێرانەی توانای بینینیان هەیە لە شەودا، هەستەوەری بوومەلەرزە، سیستمی هاوشێوەی رادار هەیە کە مرۆڤ و گیاندارەکان لەیەکتر جیا بکاتەوە. کەشوهەوا هەرچۆنێک بێت بە شەو یان بە رۆژ، بە تەم و باران لە سایەی تاوەری ئەلکترۆئۆپتیکەوە دەتوانین هەر نزیکبوونەوەیەک لە سنوورەکەمان و هەموو جۆرە جووڵەیەک لە ناوچەی چاودێری ببینین".
گوتیشی: "لە پاش تەواوبوونی ئەو سیسمە ئەمنییەی هێڵی سنوور دەبینین لە ئاگری، ناوچەی دۆغوبایازید و دامێنی چیای ئاگری چالاکییەکانی تیرۆر بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە ناوخۆییەکانماندا پێشڤەچوونی گرنگ بەدیهاتوون".