Ömer Tuğrul Çam
19 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2020
بڕۆکسل - AA
لە بەلجیکا بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە نەخۆشخانەکان پڕ بوون لە نەخۆش و هاوکات بەهۆی قەرەباڵغی تاقیگەکانەوە ناتوانرێت لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجامی پشکنینەکان دەرچێت.
بەلجیکا کە لە رووی گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا لە وڵاتانی ریزبەندی یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان، حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە تیایدا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیمانگای تەندروستیی نیشتمانی گەل کە ئامارەکانی هەفتانە بەپێی تێکڕای رۆژانە بڵاو دەکاتەوە لە هەفتەی ٩-١٥ی تشرینی یەکەمدا، رێژەی حاڵەتەکانی نوێی تووشبوون بە پەتاکە سەدا ٧٩ زیادی کردووە و گەیشتووەتە حەوت هەزار و ٨٧٦ حاڵەت.
بەلجیکا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ١١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسە، لەوەتەی پەتاکە تیایدا سەریهەڵداوە تا ئێستا تێکڕای حاڵەتەکانی توشبوون گەیشتووەتە، ٢٢٢ هەزار و ٢٥٣ حاڵەت و ٤١٣ کەسیش بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە لە میانی هەفتەکانی رابردوودا، نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە پڕبوون لە نەخۆش و یەک لەسەر پێنجی قەرەوێڵەکانی یەکەی چاودێریی چڕ پڕبوون.
لەئێستادا لە نەخۆشخانەکان دوو هەزار و ٤٨٥ تووشبووی پەتاکە چارەسەر وەردەگرن، لەوانەیش ٤١٢یان لە یەکەی چاودێریی چڕ خەوێندراون.