Halime Afra Aksoy
31 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2023
ئیستانبوڵ – AA
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێڵی کۆهێن و هاوتا ئەمریکییەکەی، ئەنتۆنی بلینکن "دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر"دا تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە کۆهێن و بلینکن لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە لە قودس کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا "گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران، دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر، فراوانکردنی رێککەوتنی ئیبراهیم بە شێوەیەک کە وڵاتانی دیکەیش بگرێتەوە، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندیی دیپلۆماسییان نییە و دەرفەتی ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی عوماندا" تاوتوێ کران.
کۆهێن ئاماژەی بەوە داوە کە "رێککەوتنی ئیبراهیم" بووەتە مایەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو وڵاتانەی واژوویان لەسەر رێککەوتنەکە کردووە، سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە رێککەوتنەکە کاریگەری باشی هەبووە لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ میسر و ئوردن.