Haydar Şahin
05 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
تاران - AA
ئێران لە دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان، جارێکی دیکە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئیمارات دامەزراند.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەزا ئەمیریی وەک باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە ئەبوزەبی دیاری کردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەمیریی دەچێتە ئەبوزەبی و لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکار دەبێت.
ناوبراو کە لە وەزارەتی دەرەوە بەڕێوبەری گشتیی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵاتە، پێشتریش لە وڵاتانی جەزائیر، سوودان و ئەریتریا باڵیۆزی ئێران بووە.
دوای ئەوەی سعوودیە لە دووی کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا بەتۆمەتی "تیرۆر" ٤٧ کەسی لەسێدارەدا کە کەسایەتی ئایینی شیعە، نەمر ئەلنەمر یەکێکیان بوو، ئێران کاردانەوەی توندی نیشان دا و خۆپیشاندەرانی ئێرانیش باڵیۆزخانەی سعوودیەیان لە تاران و کۆنسولخانەی ئەو وڵاتەیان لە مەشهەد سووتاند.
دوای ئەم رووداوانەش هەریەکە لە سعوودیە، بەحرێن، کوێت و سوودان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئێران پچڕاند و ئیماراتیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران لە ئاستی باڵیۆزخانەوە بۆ ئاستی نوێنەرایەتی کەم کردەوە و باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران، سەیف محەمەد عوبەید زەعابی بانگێشتی ئیمارات کردەوە.
لە ئەنجامی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەبوزەبیدا، دوای حەوت ساڵ، جارێکی دیکە سەیف محەمەد عوبەید زەعابی لە نۆی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا وەک باڵیۆزی ئیمارات گەڕایەوە تاران.