Mücahit Aydemir
05 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
غەززە - AA
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، دوو خاڵیان لە رۆژئاوای کەرتی غەززە بۆردومان کرد.
شەوی رابردوو، وەک وەڵامێک بۆ هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل، بە رۆکێت لە کەرتی غەززەوە هێرش کرایە سەر ئیسرائیل، دواتریش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کەرتی غەززەیان بۆردومان کرد.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکان دوو خاڵیان لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.
هیچ زانیارییەکیش دەربارەی بوونی کوژراو و بریندار لە هێرشەکەدا نەخراوەتەڕوو.
شەوی رابردوو جوولەکە جێگیرکراوە توندڕەوەکان لەسەر بانگەوازی سەربڕینی قوربانی بەبۆنەی جەژنی فەسحی جوولەکەکانەوە، هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا، گرووپێکی فەڵەستینیش لە دوای نوێژی تەراویح پەنایان بردە بەر مزگەوتی قیبلە لەناو مزگەوتی ئەقسا.
هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی پارشێو و لە دوای نوێژی بەیانی بە بەکارهێنانی هێز ئەو فەڵەستینییانەیان دەرکرد کە پەنایان بردبووە بەر مزگەوتی قیبلە و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان دەستبەسەر کرد.
دوای ئەوەی پۆلیسی ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا، چەند رۆکێتێک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران.
لەوبارەیەشەوە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خرایەڕوو کە پێنج رۆکێت ئاراستەی شاری سدێرۆت کراون کە چواریان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە و یەکێکیشیان لە زەوییەکی چۆڵدا کەوتووەتە خوارەوە.