Dildar Baykan Atalay
29 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2022
واشنتۆن – AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین ژان پیێر ئاشكرایكرد ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاریی چەک و پێداویستیی سەربازیی کە سیستمی تۆپهاوێژی فرهلوولهی جۆری "HIMARS"یش لەخۆدەگرێت بە بڕی یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار، بۆ ئۆکراینا دابین دەکات.
کارین ژان پیێر لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا گوتی: "ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاریی چەک و پێداویستیی سەربازی بە بڕی یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراینا ئاشکرا دەکات. هاوکارییەکان ١٨ تۆپهاوێژی فرهلوولهی جۆری HIMARSی تێدایە کە ئۆکراینا تاکو ئەمڕۆ بە شێوەیەکی کاریگەر لە گۆرەپانی شەڕدا بەکاریهێناوە".
ژان پیێر باسی لەوەش کرد کە جگە لەوە پاکێجەکە سەدان ئۆتۆمبێلی زریپۆش، رادار و سیستمی درۆن لەخۆدەگرێت.
- کاردانەوەی کۆشکی سپی لە بەرامبەر گشتپرسییەکانی ئۆکراینا
گوتەبێژی کۆشکی سپی لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ ئەو گشتپرسییانە كرد کە لە خۆرهەڵاتی ئۆکراینا بۆ چوونەپاڵ رووسیا لەو ناوچانەی کە لەلایەن جوداییخوازەکانی لاینگری رووسیاوە ئەنجامدراوە، و گشتپرسییەکانی بە "ساختە" ناوبرد.
كارین ژان پیێر، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو گشتپرسییانە بەشێکە لە "سیناریۆکەی" رووسیا و گوتی: "ئەم گشتپرسییانە دەستکردن و دەستکاری کراون. هاووڵاتیانی ئۆکراینا لەژێر فشاری هێزە چەکدارهکان دەنگیان داوە. ئەو گرتە ڤیدیۆییانەمان بینی کە بەرپرسە چەکدارهکان لە بەر دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان فشاریان لە ئۆکراینییەکان دەکرد و خەڵکیان لە کۆڵانەکان دەهێنا بە زۆر دەیانبردن بۆ دەنگدان. ئەم بەناو گشتپرسییە، زانیارییەکی ناڕاستە کە لەلایەن ئیدارە کارتۆنییەکانەوە ئەنجامدەدرێت کە گوێرایەڵی فەرمانەکانی رووسیان".
- "ئەم گشتپرسییانە ناشەرعیین و بە هەموو مانایەک قێزەونە"
ژان پیێر ئەوەی خستەڕوو کە پێش چەندین مانگ ئەنجامی ئەم گشتپرسییانە لەلایەن کرملینەوە دیاری کراوە و گوتی: "کرملین پێش چەندین مانگ ئەو درۆیەی رێکخستووە کە خەڵکی ئۆکراینا دەیانەوێت بچنە پاڵ رووسیا. بەڵام تەواو بە پێچەوانەی ئەمە بینیمان کە ئۆکراینییەکان ئەوەیان ناوێت. گەلی ئۆکراینا خەبات بۆ سەربەخۆییان دەکەن".
گوتهبێژی كۆشكی سپی ئاشکراشیکرد کە لەو ناوچانەی ئۆکراینا کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە هەزاران کەسی مەدەنی کوژراون و ههزارانیش خراونەتە کەمپەکانی کۆکردنەوە و گوتی: "ئێمە راستییەکان دەزانین، ئەم گشتپرسییانە ناشەرعییە و بە هەموو مانایەک قیزەونە".
کارین ژان پیێر، جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی ئەم گشتپرسییانە بۆ "لکاندنی" ئۆکراینا به رووسیاوە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و گوتی: "ئێمە هیچ کاتێک پاڵپشتیی هەوڵەکانی شەرعی یان ناشەرعیی لکاندن ناکەین. بەبێ گوێدان بە بانگەشەکانی رووسیا، ئەم ناوچانە خاکی ئۆکراینان".