Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، برێت مەکگۆرک ڕایگەیاند کە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی ھاوبەش، بەردەوامە لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئاماژەی بەوەیشدا کە دەرگاکانی وەبەرھێنان لە عێراق بە ڕووی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا کرایەوە.
کۆبوونەوەکەی نێوان محەمەد شیاع سوودانی و برێت مەکگۆرک لە پەراوێزی خولی ٧٨مین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەنجامدرا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارە جۆراجۆرەکاندا تاوتوێ کراوە، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە کە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی ھاوبەش، بەردەوامە لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئاماژەی بەوەیشدا کە دەرگاکانی وەبەرھێنان لە پلانەکانی چاکسازی و دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی عێراق بە ڕووی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا کرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو محەمەد شیاع سوودانی ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە لەئێستادا توانای ھێزە ئەمنییەکان زۆر پێشکەوتووە، بەو پێیەی سەرکەوتنی باشیان لە شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش بەدەستھێناوە و باسی لە سەردانەکەی شاندی عێراق کردووە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ واشنتۆن ئەنجامدرا و لە میانیدا، پەیوەندییەکانی عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، برێت مەکگۆرک لە کۆبوونەوەکەدا، ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ڕاھێنان بە ھێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژبە داعش، ھەروەھا دووپات کردووەتەوە کە ئەمریکا پابەندە بە ڕێککەتننامەی ستراتیژی و گوتوویەتی: " ئەمریکا پاڵپشتی لەو چاکسازییانە دەکات کە حکوومەتی عێراق لە بوارەکانی ئابووریی، بنیاتنانەوەی ژێرخان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەنجامداوە".