Sümeyye Dilara Dinçer
31 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2020
ئەنقەرە- AA
دەستەی پەخشی بەریتانیا (BBC) هەواڵی گیانلەدەستدانی تاوانبارێکی گەورەی لە ئەمریکا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەو تاوانبارە ناوی ساموئێل لیتڵ بووە و تەمەنی ٨٠ ساڵ بووە.
ساموئێل لیتڵ کە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانی فیدرالی"FBI" بە "گەورەترین بکوژی مێژووی ئەمریکا" ناوبراوە لە نەخۆشخانەیەکی ویلایەتی کالیفۆرنیا گیانی لەدەستداوە.
ساموئێل لیتڵ لە کاتی دەستگیرکردنیدا دانی بەوەدا نابوو کە لە ساڵانی ١٩٧٠- ٢٠٠٥ تاوانی کوشتنی ٩٣ ژنی ئەنجامداوە و لە بەرامبەر ئەم خوێنڕێژییانەشدا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرابوو.
ساموئێل لیتڵ لە ساڵی ٢٠١٢دا و بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە ویلایەتی کنتاکی دەستگیر کرا و پاشان رادەستی ویلایەتی کالیفۆرنیا کرا.
دواتر لە رێی پشکنینی "DNA" پەیوەندی ناوبراو بە کوژرانی سێ ژن لە شاری لۆس ئەنجلێس دۆزرایەوە و لە بەرامبەردا، دادگا سێجار سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا ژمارەیەک لەو ژنانەی لەلایەن ساموئێل لیتڵ-ەوە کوژراون تا ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.