Heman Hussein Yaseen
09 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینک راب لە میانی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بوودجەیەکی تایبەتیان تەرخانکردووە بۆ ھێزی پێشمەرگە بە مەبەستی پاراستنی سامان و کولتووری ھەرێمی کوردستان.
دۆمینک راب لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دڵخۆشین کە ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەکانی عێراق کار دەکەن بۆ دەرکردنی داعش، بە دڵخۆشییەوە بەریتانیا ھەڵساوە بە دابینکردنی بوودجەیەکی نوێ بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی سامان و کولتوور".
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بانگھێشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ سەردانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و گوتی: "چاوەڕوانی سەردانی سەرۆکی ھەرێم دەکەین بۆ لەندەن و ئەمەش زیاتر گرنگی پێدانە بە پەیوەندییەکان و دۆستایەتیمان".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا و ھەوڵەکانی چارەسەرکردنیان و سەرھەڵدانەوەی داعش و ھەڵبژاردنەکانی عێراق گفتوگۆیان کرد.