Ahmet Karaahmet,Mehmet Burak Karacaoğlu
09 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2021
ئیدلب - AA
رژێمی ئەسەد تۆپبارانی کەمپێکی پەنابەرانی لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب کرد.
بەیانی ئەمڕۆ، هیزەکانی ئەسەد لەڕێی تۆپهاوێژەوە هێرشیان کردە سەر کەمپی ئەبرار کە تایبەتە بە ئاوارەی مەدەنییەکان و دەکەوێتە شارۆچکەی تاعوم رۆژهەڵاتی ئیدلب.
لە پەلامارەکەدا کە مزگەوت و قوتابخانەیەک کرانە ئامانج، بەهۆی ئەوەی لە نزیک قوتابخانە و مزگەوتەکە هیچ چادرێکی لێنەبوو، پەلامارەکە کوژراو و برینداری لێنەکەوتوەتەوە.
- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن لە ئیدلب و ژمارەیەک ناوچەی دەورووبەری پارێزگاکانی (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترا).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار ناوچەیە سێیانیانی کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژییەکانی ئیدلب.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداری ٢٠١٩دا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد.
ئاگربەستەکە کە لەلایەن هێزەکانی ئەسەدەوە ناو بە ناو پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.
لە ٢٠١٧-٢٠٢٠دا نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە ناچار بوون بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کۆچ بکەن.