Ömer Tuğrul Çam
25 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2021
بڕۆکسل - AA
دوای ١٠ رۆژ لە روودانی لافاو لە بەلجیکا، جارێکی دیکە لافاو، شارەکانی نامور و دینانت باشووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە رۆژدا، کاتەکانی ئێوارە لافاو لە چەند کۆڵانێکی شاری نامور روویدا و ئاو چووە ناو رارەو و ژێرزەمینی ژمارەیەکی زۆر خانووبەرەوە.
لەو دیمەنانەی کە دانیشتوانی ناوچەکە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییدا بڵاویان کردووەتەوە لە شاری دینانت ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوتوونەتە بەر لێشاوی لافاوەکە و ئاو راپێچی کردوون.
بەهۆی لافاوەکەوە چەند رێگایەک داخراون و لە ئاکامی رووخانی دیوارێکی راگردا، ژمارەیەکی زۆر لە خانووەکانی ناوچەکە چۆڵکراون.
هێشتا زانیاری تەواو نییە لەبارەی ئەوەی کە ئایا لافاوەکە زیانی گیانیی لێکەوتووەتەوە یان نا.
بەرپرسانی کەشناسی ناوچەکە، هۆشداریاندابوو لەبارەی بارینی بارانێکی بەخوڕ لەو رۆژەدا.
لە خۆرهەڵاتی بەلجیکا، ١٠ رۆژ بەرلە ئێستا، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە ٣٧ کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان خانوو رووخان و ژمارەیەکی زۆر خانووبەرە زیانیان بەرکەوت.