Hamdi Yılmaz
16 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2023
غەززە –AA
سەرۆکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە، سەلامە مەعروف بانگەشەکانی سوپای ئیسرائیلی لە ئاوارەبوونی ٦٠٠ ھەزار فەڵەستینی بۆ باشووری کەرتی غەززە ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٧٠ ھەزار کەس لە باکوورەوە بەرەو باشووری کەرتی غەززە ئاواربوون.
سەلامە مەعروف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "ھێزی داگیرکار بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی درۆ و بانگەشەکانی وەک بەشێک لە شەڕی دەروونی خۆی کە ھاوکات لەگەڵ دەستدرێژییە سەربازییە دڕندەکانی دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات".
گوتیشی: " دوێنێ یەکشەممە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە گوتەبێژی سوپای داگیرکارەوە بڵاویکردەوە کە ٦٠٠ ھەزار ھاووڵاتی لە باکووری غەززە و بەرەو باشووری غەززە ئاوارەبوون".
دوێنێ گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، دانیال ھاگاری ڕایگەیاندبوو: "زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار فەڵەستینی لە باکووری غەززەوە بەرەو باشووری غەززە ئاوارەبوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی حەماس ھەڵدەدات ڕیگری بکات لە چوونی خەڵکی لە باکووری غەززەوە بۆ باشووری غەززە.
سەلامە مەعروف راشیگەیاند: "بەپێچەوانەی درۆ و بانگەشەکانی ھێزی داگیرکار، تا ئێستا ٧٠ ھەزار کەس لە باکوورەوە بەرەو باشووری کەرتی غەززە ئاواربوون و لە ١٢ پەناگا نیشتەجێ کراون".