Ahmet Dursun
17 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2022
ئەنقەرە-AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە ئاماژەدان بەوەی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت وەک هاوبەشێکی چالاک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند: "هەرگیز دوور ناکەوینەوە و بۆشایییەک لە ناوچەکەدا بەجێ ناهێڵین کە لەلایەن چین، رووسیا یاخود ئێران-ەوە پڕبکرێتەوە".
بایدن لەمیانی "لووتکهی ئاسایش و گهشهپێدانی جدده" که له شاری جددە لە سعوودیه به بهشداریی سهرکردهکانی نۆ وڵاتی عهرهبی بهڕێوه چوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئەمریکا، بایدن لە گوتارەکەیدا بە بەئامانجگرتنی رووسیا، چین و ئێران گوتی: "ئێمە شایەتحاڵی ئەو هەوڵانەین کە بۆ تێکدانی سەقامگیری لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدرێت".
بایدن گوتیشی: "چین گوشارەکانی لە جیهاندا زیادکردووە، بەتایبەتی لە ناوچەی هیند-پاسیفیک، رووسیا بەردەوامە لە شەڕێکی دڕندانە و ناڕەوا لە دژی ئۆکراینای دراوسێی، لە هەمان کاتدا ئێران بەردەوامە لە چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
لەلایەکی دیکەوە بایدن رایگەیاند کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت وەک هاوبەشێکی چالاک لە ناوچەکەدا و پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
سەرۆکی ئەمریکا، بایدن بە ئاماژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییەكانی لەگەڵ ئێران جەختی كردەوە كە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیبلۆماسییەكانی، بەڵام هەرگیز رێگە بە ئێران نادات چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
لە گوتارەکەیدا بایدن هەروەها گوتی: "ئەمریکا کاردەکات بۆ پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای یاساکان. ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی ئەو وڵاتانە دەتوانن خۆیان لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزن".
جۆ بایدن بە ئاماژەدان بەوەی کە شەڕی زەمینی لە ناوچەکە و ئەو شەڕانەی کە هێزەکانی ئەمریکا تێیدا بەشدارن، بەردەوام نین و شانازی بەم دۆخە دەکەن، گوتی: "رێگە نادەین هیچ وڵاتێکی ناوچەکە بە رێگەی سەربازیی کۆنترۆڵی وڵاتێکی دیکە بکات".
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گرنگی دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤی لە وڵاتانی ناوچەکەدا خستەڕوو و گوتی: "ئەمریکا هەمیشە پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات".