Laith Al-jnaidi
09 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2026
سوپای ئوردن ڕايگەیاند لە کۆی ٢٠ مووشەکی بالیستیکی کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئوردن کرابوون، ١٨ مووشەکیان تێکشکاندووە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن سوپای ئوردن بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوەدراوە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئوردن لە کۆی ٢٠ مووشەکی بالیستیکی کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئوردن کرابوون، ١٨ مووشەکیان تێکشکاندووە و دوو مووشەکەکەی دیکەش لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە.
سوپای ئوردن جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەپێی ڕێوشوێنە سەربازییە پەسەندکراوەکان، مامەڵە لەگەڵ ھێرشە مووشەکییەکەی ئێران کراوە، ھەروەھا ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە ھاووڵاتییانی ئوردن کراوە کە لە ھیچ تەنێکی نەناسراو و پاشماوەی مووشەکەکان نزیک نەبنەوە و دەستکارییان نەکەن و ھەر تەنکێکی نەناسراویان دۆزییەوە، ئەوا بەپەلە لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە.
سوپای ئوردن جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، سیستەمەکانی چاودێری و ئاگادارکردنەوە و بەرگریی ئاسمانیی لە بەرزترین ئاستدا ئامادەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەر ھەڕەشەیەک، ھەروەھا یەکەکانی سوپای ئوردن بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەروەریی ئاسمانیی وڵات.