Yaser Arafat
06 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
قودس - AA
لە زیندانێکی ئیسرائیل، شەش بەندکراوی فەڵەستینی توانیان لەڕێی هەڵکەندنی تونێلەوە هەڵبێن.
دەزگای مێدیایی فەرمی ئیسرائیل (KAN) هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە هێزە ئەمنییەکانەوە بەدەستیان هێناوە، شەوی رابردوو، شەش بەندکراوی فەڵەستینی لە بەندینخانەی جەلبوع باکووری ئیسرائیل، تونێلێکیان هەڵکەندووە و توانیویانە هەڵبێن.
ئاماژەی بەوەیشداوە، ئەو بەندکراوانەی هەڵاتوون یەکێکیان ئەندامی شەهیدانی ئەقسا باڵای سەربازیی رێکخراوی فەتح بووە و پێنج کەسەکەی دیکەشیان ئەندامی رێکخراوی جیهادی ئیسلامی بوون و توانیویانە تونێلێکی ١٠ مەتری لێبدەن و هەڵبێن.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە لەڕێی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەوڵەکانی گەڕان بەدوای بەندکراوە هەڵاتووەکاندا بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنیش رەوانەی ناوچەکە کراون.
لە لایەکی دیکەشەوە ماڵپەڕی "Walla News" هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە تەواوی هەڵاتووەکان بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرابوون.
هەروەها ماڵپەڕی دامەزراوەی ویجدان کە بایەخ بە مافی مرۆڤ و بەندکراوەکانی سەربە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی فەڵەستین دەدات، ئەوەی خستووەتەڕوو کە گرتووخانەی جەلبوع یەکێکە لە قایمترین زیندانییەکانی ئیسڕائیل کە بەسەرپەرشتی پسپۆڕانی ئیرلەندی-دا دروست کراوە و لە ساڵی ٢٠٠٤دا کراوەتەوە.