Emre Gürkan Abay
31 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2018
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئاشکرای کرد پلانیان ئەوەیە لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و ئێراندا هەموو جۆرە هاوکارییەکی کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە نووسینەوەی دەستووری سووریا بکەن و رایگەیاند ''ئیتر چاوەڕوانی ئەوەین کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەچوارچێوەی ئەو بڕیارانەی کە لە سۆچی دراون، بگاتە ئەنجام''.
سێرگی لاڤرۆڤ دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا لە سۆچی. لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوەکرد ئەوان کراوەن بە رووی هەر جۆرە راوێژێکدا لە لایەن وڵاتانی خۆرئاواوە لەبارەی سووریاوە لەسەر هەر ئاست و لەهەر شێوەیەکدا بێت.
وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لەوەکردەوە لەچوارچێوەی کۆنگرەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و ئێران کۆبوونەتەوە و رایگەیاند ''لەگەڵ هاوبەشەکانماندا هانی ئەوە دەدەین کە ئەنجامەکانی کۆنگرەکە جێبەجێبکرێن و جەختمان لەوەشکردەوە کە هەموو جۆرە هاوکارییەکی نوێنەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا لە گەیشتن بەو رێککەوتننامانەی کە هەمووان لەخۆ دەگرێت، دەکەین''.
ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەوەی داوایانکردووە نوێنەرانی بەشداربوو لە کۆنگرەکەدا دەست بە کارەکانیان لەبارەی دەستووری سووریاوە لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن و گوتی: ''بڕیاری ئەوەمان دا کە بە ئومێدی هاندانی قۆناغی جنێڤ، ئەنجامەکانی کۆنگرەی سۆچی رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین. ئیتر چاوەڕێی ئەوەین کە رێکخراوەکە لەچوارچێوەی ئەو بڕیارانەی لە سۆچی دراون، بگاتە ئەنجام''.
دوێنێ لە شاری سۆچی رووسیا کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەشدارییان تیادا نەکرد، بەڕێوەچوو. لە میانی کۆنگرەکەدا کە ماوەی نۆ کاتژمێری خایاند بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دەستووریی بۆ سووریا درا.