Fatjon Cuka
26 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2019
تیران - AA
بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌گوڕی ٦،٤ پله به پێوه‌ری رێخته‌ر باکووری رۆژئاوای ئه‌لبانیای هەژاند و به‌پێی ئاماره به‌راییه‌كان حەوت كه‌س گیانی له‌ده‌ستداوه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێك كه له لایه‌ن په‌یمانگای زانستی زه‌وی، وزه، ئاو و ژینگه‌ی ئه‌لبانیاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، باس له‌وه كراوه كه ناوه‌ندی بوومه‌له‌رزه‌كه ١٥ كیلۆمەتر لە شاری دراچه خۆرئاوای ئه‌و وڵاته و له قوڵایی ٣٨ كیلۆمەتر روویداوه و گوڕه‌كه‌ی ٦،٤ پله بووه به پێوه‌ری رێخته‌ر.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌لبانیا لە دوا راگەیەندراویدا زانیاری نوێی لەسەر بوومەلەرزەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە کە ٧ کەس بە هۆی ئەو رووداوەوە گیانیان لەدەست داوە.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌لبانیا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه چاره‌سه‌ركردنی ١٥٠ كه‌س له بریندارانی بوومه‌له‌رزه‌كه له نه‌خۆشخانه‌كاندا درێژه‌ی هه‌یه و تیمه‌كانی ته‌ندروستیش له تیرانا، دراچ و سه‌رتاسه‌ری وڵات له ئاماده‌باشیدان.
ئاماژه به‌وه‌یش كرا كه له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌لبانیادا تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه و سوپای ئه‌و وڵاته كاریان كردووه.

بوومه‌له‌رزه‌كه كه له شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌لبانیا به‌تایبه‌تی تیرانای پایته‌خت و وڵاتانی دراوسێی مه‌قدۆنیای باكوور، كۆسۆڤۆ و مۆنتینیگرۆ هه‌ستیپێكرا له ئه‌لبانیا بووه هۆی دروستبوونی كێشه له په‌یوه‌ندی و پچڕانی كاره‌با.
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، وه‌رزش و لاوانی ئه‌لبانیا له شاره‌كانی تیرانا، دراچ و لیژا ئه‌مڕۆی كرده پشوو له قوتابخانه‌كاندا.

له ٢١ی ئه‌یلوولی رابردوودا بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌گوڕی ٥،٨ له ئه‌لبانیا روویدا و به‌هۆیه‌وه ١٣٢ كه‌س برینداربوون و زیاتر له ٦٠٠ باڵەخانە، خانوو، شوێنکار و پرد زیانیان به‌ركه‌وت.