Hemin Hüseyin
11 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2018
هەولێر - AA
بە سەرپەرشتی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن لە ژێر ناونیشانی "ئاشتی" نیو ماراسۆنی نێودەوڵەتیی ھەولێر، بە بەشداری نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس ئەنجامدرا، وەرزشوان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کە توانییان بەسەر سێ ماوەدا بەشدارببن و تیمی یەکەم دووری دوو کیلۆمەتر و تیمی دووەم دووری پێنج کیلۆمەتر و تیمی سێیەم دووری ٢١ کیلۆمەتریان بڕی.
یەکێک لە رێکخەرانی نیو ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر، کاکە ئەحمەد جەمیل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە بۆنەی رۆژی ١١ی ئادار کە رۆژی ئازادکردنی شاری هەولێرە، رێکخراوەکەمان هەستا بە ئەنجامدانی نیو ماراسۆن کە لە سێ دووری جیاوازدا پێکهاتبوو ئەوانیش بریتیی بوون لە راکردنی دوو کیلۆمەتر و پێنج کیلۆمەتری و ٢١ کیلۆمەتری".
کاکە ئەحمەد جەمیل گوتیشی: "لەم نیو ماراسۆنەدا، هەزار و ٣٠٠ یاریزان ناوی خۆیان تۆمارکردووە و ١٠٠ ناوبژیوانیش بەشدارن".
کاکە ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد کە راکردنی ٢١ کیلۆمەتری گرنگتریانە و براوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی ئەو ئاستە بڕێک پارەیان وەکو دیاری پێ دەدرێت و ئەمەش وەکو هاندانێکی وەرزشوانان و گوتی: "براوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی دوو ئاستی یەکەمی راکردنەکە دیارییان پێ دەبەخشرێت و سێ براوەی ٢١ کیلۆمەترییەکەش دیارییەکەیان بڕێک پارەیە، هەرچەندە قەیرانی دارایی بووەتە هۆکارێک کە نەتوانین زیاتر پەرە بەم بوارە بدەین".
لەسەر ئاستی دوو کیلۆمەتری، زانیار گوانی توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، لەسەر ئاستی پێنج کیلۆمەتریش سۆران نەبی و لەسەر ئاستی ٢١ کیلۆمەتریش عەلی ئەحمەد کە خەڵکی شاری کەرکووکە توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و ببێتە براوەی یەکەمی نیو ماراسۆنەکە.
ئەمە حەوتەمین ماراسۆنە کە ساڵانە لە شاری ھەولێر ئەنجام دەدرێت کە لە سێ راکردن پێکهاتووە، دوویان لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان دەستیان پێکرد و یەکێکیان لە بەردەم ھۆتێل دیڤان، ھەر سێ ئاستەکەش چوونەوە ناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان و دواتر لە ئاهەنگێکی تایبەتدا خەڵات بەسەر وەرزشوانەکان دابەشکرا.