Fuat Kabakcı,Behlül Çetinkaya,Nazlı Yüzbaşıoğlu
27 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان نوێنەرانی تایبەتی ئەرمینیا و تورکیا رایگەیاند ''بەپێی تێڕوانینی ئێمە، یەکەم کۆبوونەوە لە مۆسکۆ دەکرێت کە ئەرمینیا ئارەزوومەندێتی''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە دوای کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەکیی بۆ ساڵی ٢٠٢١ کە لە بینای وەزارەتەکە ئەنجامی دا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دیاربوون و دیارنەبوونی وادەی کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی تایبەتی ئەرمینیا و تورکیا گوتی: ''هەردوو لایەن تایبەتن، بەدڵنیایییەوە لەمەودوا نوێنەرانی تایبەتمان سەرەتا بە تەلەفۆن قسە دەکەن و پێویستە وادە و شوێنی کۆبوونەوەی رووبەڕوو دیاریی بکەن. بەپێی تێڕوانینی ئێمە، یەکەم کۆبوونەوە لە مۆسکۆ دەکرێت کە ئەرمینیا ئارەزوومەندێتی. جگە لە کۆبوونەوەی یەکەم ئێمە ئارەزوومەندی ئەوەین دیدارەکان راستەوخۆ بێت. بۆچی؟ نوێنەری تایبەتمان دانا بۆ ئەوەی راستەوخۆ گفتوگۆ بکەن''.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە لە پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەرمینیادا گرنگە راوێژ لەگەڵ ئازەربایجان بکرێت و رایگەیاند ''ئومێدەوارم ئەرمینیا بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو رێچکەیە. پەیامەکانی (ئەرمینیا) ئەرێنییە، بەڵام دەمانەوێت کرداری ببینین. دەتوانین سێقۆڵی هەنگاو بنێین''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: ''ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کرد. پێویستە لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان. ئەوە گرنگ دەبێت بۆ سەقامگیریی، ئاشتیی و خۆشگوزەرانیی قەوقاز، لەبەرئەوە لێرەدا نوێنەرە تایبەتەکان بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن لەبارەی نەخشەڕێگایەک سەبارەت بە کۆبوونەوەی یەکەم''.