Narges Rezaie
18 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2026
سەرکۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنی دامودەزگاکانی حکوومەتەکەی، گوتی، "پێویستە هەوڵ بدەین کە یەکێتیی و یەکگرتوویی لە وڵاتەکەمان تێک نەشکێت، ئەوەی کە درووشم دەدەن کە گفتوگۆ نەکەین، ئەی چی بکەین؟ هەتا سەر بجەنگین؟ ئێمە بە سەربڵندییەوە گفتوگۆ دەکەین".
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی "ایسنا"ی ئێران، پزیشکیان وێڕای ئاماژەدان بە ڕوانگەی حکوومەتەکەی بۆ بەرەپێشبردنی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا گوتی، "ئەوە هیچ لۆژیکێکی تێدا نییە کە دەگوترێت گفتوگۆ نەکەین. ئێمە دەتوانین بە پشتیوانی گەلەکەمان بەرگریی لە مافی گەلەکەمان بکەین. پێویستە بە لۆژیکەوە قسە بکەین و بە لۆژیکەوە وەڵام بدەینەوە. بە هەموو توانایەکەوە لە خزمەت خەڵک دادەبین و بە سەربڵندییەوە بەرامبەر بێگانەکانیش دەبین. گفتوگۆ دەکەین و بەرگریی لە مافی خەڵک دەکەین".
سەرکۆمار ئێران وێڕای ئاماژە بە ئەو کەندوکۆسپانەی لەبەردەم هەناردەی نەوت'دا هەیە، گوتی: "ڕێگەیان بەست و نەوت هەناردە ناکەین. ناتوانین بە ئاسانی نەوت هەناردە بکەین. ئەوەیکە دەلێن هیچ کێشەیەک نییە، ئەوە قسەیە لە ڕیزی ئەو قسانەیە (گاڵتەجارییە). ناتوانین بە ئاسانی باجیش وەربگیرن. کاسبکارانیش کێشەیان هەیە. پێویستە ئاستی داواکاری خۆمان کەم بکەینەوە و ڕاستییەکان قبوڵ بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەرامبەر دوژمن بوەستین".
پزیشکیان گوتیشی: "ئەوەیکە ئێمە هیچ زیانێکمان بەر نەکەوتووە، ڕاست نییە. وەزیرەکان و پسپۆڕانمان شەو و ڕۆژ سەرقاڵن. بە درێژایی ئەم ماوەیە یەک ڕۆژ پشووم نەداوە. بۆ سەربڵندی ئێران هەتا بتوانم فیداکاری دەکەم و لە شەهیدبوونیش ناترسم. پێویستە بزانین کە لە دۆخی جەنگداین. ٢٣٠ ملیۆن مەتری چوارگۆشە گازی ئێمە تەقێندراوەتەوە، وێستەگەکان، پێترۆکیمیا، کارگەی پۆڵایان بۆردومان کرد. ناتوانین بڵێین هیچ کێشەمان نییە و ئەوان (لایەنی بەرامبەر) خەریکە لەناو دەچن".