Ahmet Furkan Mercan
30 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2023
تۆکیۆ - AA
هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن "USS George Washington" بۆ دووەمین جار دەگەڕێتەوە ژاپۆن.
لە هەمبەر زیادبوونی جموجۆڵە "هەڕەشە ئامێزەکان"ی چین و رووسیادا لە ناوچەی زەریای هیند-زەریای پاسیفیک، ئەمریکا خوازیارە هاوکارییە دەریاییەکانی لەگەڵ ژاپۆن، بەهێزتر بکات.
هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە کەشتی فڕۆکەهەڵگری رۆناڵد رەیگان "USS Ronald Reagan" کە لە بنکەی دەریایی یۆکۆسوکا لە ژاپۆن لەنگەری گرتووە لە بەهاری ٢٠٢٤ دەگەڕێتەوە ئەمریکا.
بەم پێیە کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ یۆکۆسوکا.
کەشتی جۆرج واشنتۆن لە ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٥ ئەرکدار کرابوو. یەکەم جار بوو کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر لە بەندەرێکی ژاپۆن جێگیر بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، سەرۆکی شارەوانی یۆکۆسوکا، کامیجی کاتسواکی-یان لەبارەی گۆڕانکاریی ئەرکی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا ئاگادارکردووەتەوە.
سەرۆکی شارەوانی یۆکۆسوکا، کامیجی کاتسواکی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "بوونی هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە گرنگە".
کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات.
فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەشدارن لە مانۆڕە هاوبەشەکاندا کە بە هاوکاریی هێزەکانی بەرگریی تایبەتی ژاپۆن و سوپای کۆریای باشوور رێکدەخرێن.