Rewa Mahmood Hasan
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2021
سلێمانی - AA رەوا حاجی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی سنووری بیلاڕووس و پۆڵەندا کە بەشێکی زۆریان کوردی هەرێمی کوردستانن و ماوەی چەند رۆژێکە لە جەنگەڵەکانی سنووری ئەو وڵاتە لە دۆخێکی سەختدا گیریان خواردووە، بەئامانجی کرانەوەی سنووری پۆڵەندا بە روویاندا، دووبارە چوونەوە بەردەم ئەو بەربەستە ئاسنینانەی پۆلیسی پۆڵەندا دروستییان کردووە.
دوای ئەوەی کە رۆژی رابردوو، بەمەبەستی تێپەڕینی سنوورەکان، کۆچبەرانی بیلاڕووس لە نزیک دارستانەکانەوە بەرەو خاڵی پشکنینی سنووری پۆڵەندا بەڕێکەوتن و شەوی رابردوو لەوێ مانەوە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی کە پۆلیسی پۆڵەندا ئامادەنەبوو هیچ هاوکارییەکیان بکات، کۆچبەرانی سەر سنوورەکان بە بەرد و دار هێرشیان کرد سەر خاڵەکانی پشکنین و پۆلیسی پۆڵەندا و بەهۆیە گرژی و ئاڵۆزی روویان دا.
کۆچبەران بۆ ئەوەی دوور بن لە هەر زیانێک کە ئەگەری هەیە لەلایەن پۆلیسی پۆڵەنداوە بەریان بکەوێت لە خاڵەکانی پشکنین دوورکەوتنەوە و دواتر بە بەرد و دار هێرشیان کرد ئەودیو سنوور و ناوبەناو هەوڵی قرتاندنی تەلی سەر سنوور دەدەن.
لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەشیان گرژی لەنێوانیاندا دروست بوو، پۆلیسی پۆڵەندا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی کۆچبەرانی سەر سنوورەکان دەدات و کۆچبەرانیش بە بەرد وەڵامیان دەدەنەوە و بەرد و دار دەگرنە پۆلیس لەودیو بەربەستە ئاسنینەکانەوە. چەندین کۆچبەر کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن بەهۆی کاریگەری گازی فرمێسکڕێژەکەوە دۆخیان تێکچووە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، یەکێک لە کۆچبەرەکان بەبێ ئەوەی ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان چیتر لە تەحەمولیاندا نەماوە و منداڵ و ژنەکانیان برسین و لە سەرما دەمرن ئەگەر شتێک نەکەن و دەڵێت ''برسیمانە تەحەمولمان نەما، گەیشتە تینمان تەواو، ماڵ و منداڵەکەمان هەموو دەمرن لە برسا ئەگەر شتێک نەکەین، یان دەبێت خۆمان دەرباز بکەین لێرە، یان دەمرین، هیچ ئومێدێکمان نەماوە بەوەی کە رێگەمان بدەن سنوور دەرباز بکەین. ئەوە نۆ رۆژە لێرەین، هیچ ئومێدێکمان پێیان نەماوە".