Ebru Şengül Cevrioğlu
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2021
ئەنقەرە - AA
بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ٩٣ سەنت لە بازاڕەکانی جیهاندا، مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٨٢ دۆلار و ٤٩ سەنت و رۆژەکەی بە ٨٣ دۆلار و پێنج سەنت تەواو کرد، بەڵام کاتژمێر ٠٩:٤٥ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بە رێژەی ١،٠٧ بەرزبوونەوەیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ٩٣ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٨٠ دۆلار و ٤٧ سەنت فرۆشرا.
نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەورووپا، کاریگەری لەسەر نرخەکان هەیە.
بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە لە ئیتاڵیا، رێوشوێنی خۆپارێزی نوێ لە هۆکارەکانی گواستنەوەدا گیراونەتەبەر.
لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا لە هۆڵەندا، ١٩ هەزار و ٢٧٤ کەس پشکنینی کۆرۆنایان پۆزەتیڤ بووە، ئەمەش بەرزترین ژمارەی تووشبوون بە پەتاکەیە کە لە ماوەی یەک رۆژدا تۆمار کرابێت.
هەروەها لە نەمسا جگە لە هەندێک دۆخی ناچاری رێگەی چوونە دەرەوە بەو کەسانە نادرێت کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و لە شەش مانگی رابردووشدا تووشی پەتاکە نەبوون.
- پێشبینییەکانی خستنەبازاڕی زیاتری نەوت رێگرن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان
هەفتەی رابردوو لە راپۆرتی مانگانەی نەوتدا ئەوە خرابووەڕوو کە خواستی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) بۆ نەوت بەراورد بە مانگی پێشووتر ٣٣٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمی کردووە.
وێڕای کەم بوونەوەی خواست، پێشبینی دەکرێت خستنەبازاڕی نەوت زیاد بکات.
ئەو هەواڵانەشی باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی یەدەگەکانی نەوتی خۆی دەخاتە بازاڕەوە، هەروەها بڕیاری رێکخراوی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و زیادبوونی سەکۆکانی هەڵکەندنی بیرەنەوتی ئەمریکا لە سێ هەفتەی رابردوودا، هۆکارن بۆ زیادبوونی خستنەبازاڕی نەوت.