نەتەوە یەكگرتوەكان
رێكخراوی سندوقی منداڵانی نەتەوەیەكگرتوەكان لە راگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە ٣٠ ملیۆن لەو منداڵانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ئاستی پڕۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری جیھان بەھۆی شەڕو پێكدادانەكانەوە لە پڕۆسەی خوێندن بەدورن.
بەپێی روونكردنەوەیەك لە لایەن یونیسێف بڵاوكراوەتەوە، لەگەڵ ھاتنی مانگی ئەیلول لە زۆرینەی وڵاتەكاندا منداڵان گەڕانەوە خوێندنگا، بەڵام بە ملیۆنان منداڵ بێبەش بوون لەو پڕۆسەیە. لە روونكردنەوەكەدا نزیكەی ٣٠ ملیۆن منداڵ بەھۆی ناسەقامگیری و رەوشی نائاسایی وڵات و شەڕو پێكدادانەكان نەیانتوانیوە بچن بۆ خوێندنگا و بە پێی بەیاننامەكە:"لەسەرجەم ئەو ناوچانەی كە شەڕی و پێكدادان تیادا روودەدا نیوەی منداڵانی ئەو ناوچانە لە خوێندنگا بێبەش كراون."
لە بەیاننامەكەی رێكخراوی یونیسێف دا ھاتووە،خوێندگاكان كراونەتە ئامانج، یەك لەسەر سێی خوێندنگاكانی ئەفریقای ناوەڕاست لە رێگەی بۆمبەوە تەقێنراونەتەوە و رووخێنراون یاخود لە لایەن گروپە چەكدارەكانەوە داگیركراون.
لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە لە رۆژئاوای ئەفریقا بەھۆی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی ئێبۆڵا كاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن كردووە، لەناوچەكانی لیبیریا و سیەرالیۆن، خوێندكارانی قۆناغی ئاستی سەرەتایی و ناوەندی تا كۆتایی ساڵ دادەخرێ، بەو پێیە ٣ ملیۆن منداڵ لە خوێندن بە دوردەبن.
بەھۆی ھێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و دوایین پێكدادانەكانەكان لەو ناوچانە ٣٠٠ ھەزار كەس بەھۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوەیان روویان لە زیاتر لە ١٠٠ خوێندنگەی ئەو ناوچانە كردووە، بۆ ئەوەی دووبارە بەكاربھێنرێنەوە، پێویستە ئەو خوێندنگایانە چۆل بكرێن.
لە لایەكی دیكەوە بەھۆی باری نائاسایی و پێكدادانەكانی سوریا ٣ ملیۆن منداڵ كە دەكاتە نیوەیمنداڵانی ئەو وڵاتە لە پڕۆسەی خوێندن لەو وڵاتە بێبەشبوون .هاوكات بە پێی بەیاننامەكەی یونیسێف بەھۆی دوایین پێكدادانەكان لە وڵاتی ئۆكراینا ٢٩٠ خوێندنگا كاولبووە و زیانیان پێگەیشتووە.
لە بەیاننامەكەدا ھاتووە، بۆ بەردەوامبوونیان لە پڕۆسەی خوێندن، بۆ ئەو خوێندكارانەی كە بەناچاری وڵاتیان جێھیشتوە و بەرەو دەرەوەی وڵاتەكەیان كۆچیان كردووە، یونیسف ھاوكاری پێداویستی كەلوپەلی خوێندنی بۆ ئەو منداڵانە دابین كردووە، بۆ دەستەبەركردنی سەرجەم داواكارییەكان پێویستی بە بودجەی زیاتر ھەیە.