Zana Natık Kerem
26 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
راگەیەنرا کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بەدانیشتنەکانی دەکاتەوە، ئەوەیش دوای چەند مانگێک کە بەھۆی خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە، پەکخرابوو.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمیی عێراق بڵاوی کردەوە کە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە رۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوول، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت.
راشیگەیاندووە کە کارنامەی دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوو بڕگە لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان تایبەتە بەدەنگدان لەسەر "دەستلەکارکێشانەوەی" سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و دووەمیشیان ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
دەست پێ کردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە ماوەی چەند مانگێک بوو بەھۆی خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە پەکخرابوون.
پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق، فادی شممەری رایگەیاندبوو کە ھەر یەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ھاوپەیمانییەکی نوێ بەناوی "ئیدارەی دەوڵەت" پێکبھێنن، ئەوەیش بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەروەھا ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.