سلێمانی
سەركردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و شاندی دانوستانكاری كورد لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە.
لەبەشێكی كۆبونەوەكەدا نوێنەری تایبەتی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان بەشدارییان كرد.
دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی شاندی دانوستانكاری كورد هۆشیار زێباری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "وەك سەركردەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان كۆبونوەوەیەكی دوورودرێژ و گرنگمان ئەنجامدا، كە چاوی دونیا لەسەر ئەم كۆبوونەوەیە بوو بۆ زانینی بڕیاری سەركردایەتی سیاسی كورد بە بەشداریكردن یان بەشداری نەكردن لە حكومەتی نوێی عێراق."
زێباری گوتیشی: "كۆتا بڕیاری سەركردایەتی كورد بەشداریكردنە لەو حكومەتە و ماوەی سێ مانگ مۆڵەتیان پێدەدەین بۆ پابەندبوونیان بە چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بابەتی بودجە و مافە داراییەكان و نەوت و گاز و پێشمەرگە و ناوچەكانی 140."
زێباری هەروەها گوتی: "كێشەمان هەبوو لەگەڵ شاندی دانوستانكاری شیعەكان و نەگەیشتینە هەموو ئەنجامەكان، لە ماوەی ئەو 22 رۆژەی گفتوگۆكانمان، هیچ سازشێكمان لەسەر مافەكانی میللەتەكەمان نەكرد و بڕیاری كۆتاییمان هێنایەوە بۆ سەركردایەتی سیاسی خۆمان."
لای خۆیەوە گوتەبێژی شاندی دانوستانكاری كورد فریاد رەواندوزی بەیاننامەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی سیاسی كوردی خوێندەوە، تیایدا هاتووە کە سەركردایەتی سیاسی كورد پشتیوانی خۆی بۆ دەستنیشانكردنی عەبادی نیشان دەدا و هاریكاری دەكا بۆ رەواندنەوەی ئاستەنگەكان.
لە بەیاننامەكەدا چەند داواكارییەك خرایەڕوو، لەوانەش هەڵپەساردنی كارنامەی حكومەتەكەی عەبادی و گفتوكردن لەسەری و ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بۆ هەمواركردنەوەی ئەو كارنامەیە لە ماوەی سێ مانگدا.
هەروەها زەمانەتكردنی دیاریكردنی پشكی كورد لە وەزارەتەكان بەپێی ئەو رۆڵەی كە هەیەتی، لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا بۆ گفتوكردن لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق دوای حەفتەیەك لە پێكهێنانی حكومەت.
خاڵێكی دیکەی داواكارییەكان تاوتوێكردنی بابەتی نەوت و گاز و دابەشكردنی داهاتەكان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا لەسەر نەوت و گاز لە ماوەی سێ مانگدا،
هەروەها داوای چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان و بودجەی بڕاوی هەرێم و كێشەكانی دیکەی نێوان هەردوولا كراوە.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان فوئاد حوسێن لە كۆنگرەكەدا گوتی: "دوای گفتوگۆیەكی زۆر گەیشتینە ئەو بڕوایەی بەشداریكردنی كورد لەم قۆناغەدا لە حكومەتی نوێ گرنگە بەو مەرجانەی باسكرا."
فوئاد حوسێن گوتیشی: "دۆخی بەغدا وەك جاران نەماوە و هەموو ئەوانەی نەیاری كورد بوون لە حكومەت نەماون و دۆخی عێراقیش وەك جاران نەماوە، هەروەها دۆخی كوردستانیش گۆڕاوە بە تایبەتی ئەو یارمەتییانەی لە دەرەوە لە بوارە جیاجیاكاندا پێمان دەگا، هەموو ئەوانە لەبەرچاو گیرا و گفتوگۆی لەسەر كرا و بڕیار لەسەر بەشداریكردن درا."
ئاماژەی بەوەشکرد کە "حكومەتی نوێ كەموكوڕی هەیە و ئێمەش بەشداری دەكەین تیایدا، ئەو كێشانەشی هەیە لە نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر دەكەین و ئەگەر نەگەیشتینە چارەسەر لە ماوەی سێ مانگدا، بە بەرچاوی هەموو لایەنەكانەوە دێینە دەرەوە و ئەوان بەرپرس دەبن لەو پاشەكشەیە."
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا هۆشیار زێباری گوتی: "گرەنتی زۆر لە هەموو لایەكەوە لە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆستانی دیکەوە هەیە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێمە و جیاوازی ئەم حكومەتە لە حكومەتەكانی دیکە."
هەروەها گوتی: "خاڵی سەرەكی ناكۆكییەكانی ئێمە و شاندی گفتوگۆكانی شیعە پرسی مووچە و مافەكانی كورد بوو لە رووی بودجەوە، كە ئەوەش نابێ ببێتە كێشەیەكی سیاسی و خەڵك ببێتە قوربانی، ئەوەی دەمانویست هەمووی بەدەستبێنین، نیوەیمان بەدەستهێناوە و ئەوان بەشێكی دەدەن."
ئاماژەی بەوەشكرد کە وەرەقەی دانوستانەكانی خۆیان ئەمڕۆ بە هەموو دونیا گەیاندووە و بەشداری نوێنەری ئەمریكا و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان مانای زۆری هەبووە و خودی باراك ئۆباما نوێنەری خۆی بۆ بەشداریكردنی كۆبوونەوەكە ناردووە.