هەولێر
سەرۆکوەزیرانی نوێ حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە سەرجەم وەزیرەکانی هەڵنەبژاردووە و چەند وەزارەتێک بە وەکالەت دەمێننەوە، بەڵێنیشیدا کە لە ماوەی حەفتەیەکدا ناوی ئەو وەزارەتانەی ئاشکرانەکراون، پێشکەش بە پەرلەمان بکا.
وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی لەو وەزارەتانەن کە هێشتا کەسیان بۆ دیاری نەکراوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بەخشییە هەریەک لە ساڵح موتڵەگ و هۆشیار زێباری وەک جێگری سەرۆکوەزیران، هەروەها ئیبراهیم جەعفەری وەک وەزیری دەرەوە و عادل عەبدولمەهدی وەک وەزیری نەوت، هاوکات پەروەردە و پلاندانان و خوێندنی باڵا.
عەبادی لە بەردەم پەرلەماندا جەختیکردەوە کە حکومەتەکەی بە شێوەیەکی خێرا کار لەسەر "دەرکردنی سەرجەم گروپە تیرۆریستییەکان دەکا لەسەر خاکی عێراق، هەروەها نیشتەجێکردنی هەزارەها ئاوارە و دابینکردنی مافی خوێندن بۆ منداڵەکانیان."
باسی لەوەشکرد کە پلانەکەی بە وردی کار لەسەر قەدەغەکردنی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵات و زامنکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکا.
دوپاتیشیکردەوە کە حکومەتەکەی سەرجەم ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا چارەسەر دەکا.