Abdullah Abdulmanaf Shukur
12 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی فەڵەستین و ئەمینداری گشتیی رێکخراوی فەتح، لیوا جوبراییل ئەلرەجوب کرد.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ شەممە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی فەڵەستین و ئەمینداری گشتیی رێکخراوی فەتح، لیوا جوبراییل ئەلرەجوب کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسوڵی فەڵەستین لە ھەولێر، نەزمی حزووری ئامادەی بوو، نێردەی تایبەتی سەرۆکی فەڵەستین سڵاوی تایبەتی مەحموود عەباس سەرۆکی فەڵەستینی بە بارزانی گەیاندووە.
هەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، لیوا جوبراییل ئەلرەجوب وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی فەڵەستین و گەلی کوردستان، سەرسامیی خۆشی بە بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان لە دە ساڵی رابردوو نیشان داوە و لەمبارەیەوە رایگەیاندووە کە سەرباری بوونی کێشەی گەورە و شەڕی داعش بەڵام ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی باشی بە ئاراستەی پێشکەوتن ناوە.
لە بەرامبەر ئەمەدا مەسعود بارزانی سوپاسی سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباسی کردووە و پێزانینی ھەبوو بۆ پشتیوانی و ھاوسۆزیی گەلی فەڵەستین و ئازادیخوازەکانی فەڵەستین کە لە رۆژانی تەنگانەدا پاڵپشتی خەباتی گەلی کوردستان بوونە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی و دواپێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا کرایەوە.