Zana Natık Kerem
27 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە عێراق، نوری مالیکی رایگەیاند کە بەپێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکرا، دادگای باڵای فیدراڵیی دادپەروانە مامەڵەی لەگەڵ تانە و سکاڵاکان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکردووە.
لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان، نوری مالیکی لە تویتێکدا ھەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە نیشانداوە و نووسیوویەتی: " پێشنیمان دەکرد کە بەھۆی رەوشی ئێستای وڵاتەوە، ناتواندرێت ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵبوەشێندرێتەوە و پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانیش دووبارە ئەنجام بدرێتەوە".
راشیگەیاندووە " ئومێدمان دەکرد لەگەڵ ئەوەی بەڵگەی روون و سەڵمێندراو خرانەڕوو، دادگای باڵای فیدراڵیی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ تانە و سکاڵاکان بکردایە، بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە کێشەی کۆتای ئافرەتان".
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد.
ھەر لە میانی دانیشتنەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵیی ئەو سکاڵایانەی کە داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانیان دەکرد، رەت کردەوە.
رۆژی ٣٠ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتایییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند.
بەپێی ئەنجامە کۆتایییەکان، رەوتی سەدر ٧٣ کورسی، ھاوپەیمانیی تەقەدوم ٣٧ کورسی، دەوڵەتی یاسا ٣٣ کورسی بەدەستھێناوە.
ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان ٣١ کورسی، ھاوپەیمانیی کوردستانی ١٧ کورسی و ھاوپەیمانیی عەزم ١٤ کورسی بەدەستھێناوە.
ھاوپەیمانیی فەتح، ١٧ کورسی و ئیشراقەت کانوون شەش کورسی، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانیی چوار کوسی، ھاوپەیمانیی عەقەدی نیشتمانیی چواری کورسی، ھاوپەیمانیی بزووتنەوەی حەسم بۆ چاکسازیی سێ کورسی، بزووتنەوەی بابلییون چوار کورسی، ھاوپەیمانیی جەماوەرمان ناسنامەمانە سێ کورسی، بەرەی تورکمانی یەک کورسی، نەوەی نوێ نۆ کورسی و بزووتنەوەی ئیمتیداد نۆ کورسی، ھەروەھا ھاوپەیمانیی تەسمیم پێنج کورسی بەدەستھێناوە.