Sarmand Hameed
27 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، هادی عامری رایگەیاند، پابەند دەبن به بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی رەتکردنەوەی ئەو داوایەی کە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەشی دادگاکەیان کردبوو.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، سکاڵای سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان رەت کردەوە.
لەمبارەیەوە، هادی عامری لە لێدوانێکی رۆژنامەواییدا پابەندبوون خۆیانی بە بڕیارەکەی دادگا دووپات کردەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند "لە روانگەی پەرۆشییمان بۆ پابەندبوون بە دەستوور و یاسا و ترسمان لە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسیی عێراق و بڕوامان بە پرۆسەی سیاسیی و رێڕەوی دیموکراسییەکەی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتەوە لە رێگەی سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە، پابەندین بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی".
هادی عامری راشیگەیاندووە کە ئەوان بڕوای تەواویان هەیە کە ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندن بەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵیی و رایگەیاند"سەرەڕای باوەڕی قووڵ و متمانەی بەهێزمان بەوەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن بە ساختەکاری و دەستکارییەکی زۆری تێدا کراوە، بەڵام رێز لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی دەگرین".
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح متمانەی تەواوی بەو بەڵگانە هەیە کە پێشکەش بە دادگایان کردووە و لەمبارەیەوە دەڵێت "ئەو تانانەی کە پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵییمان کرد بوو لۆژیکی و پەسەندکراوبوون، و ئەگەر ئەو تانانە پێشکەشی هەر دادگایەکی دەستووری لە هەر وڵاتێکدا بکرابایە کە رێزی لە دیموکراسی بگرتبایە ئەوا بەس بوون بۆ پوچەڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".
بە گوتەی هادی عامری، ئەو بڕیارەی دادگا لەژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی دەرکراوە و رایگەیاند "لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئێمە پابەندی خۆمان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دووپات دەکەینەوە کە رووبەڕووی فشاری دەرەکی و ناوخۆیی زۆر گەورە بووەتەوە".
لە میانی دانیشتنەکەدا، ھەروەھا دادگای باڵای فیدراڵیی داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی داھاتوو کرد کە یاسای ھەڵبژاردنەکان ھەموار بکاتەوە و تەنھا پشت بە سیستمی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست ببەسترێت.
ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵیی، ھاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانی لایەنگرانی لایەنەکانی ناڕەزایی لە ئەنجامەکان لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەردەوامە کە لە میانیدا دەروازەکانی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدایان داخستووە.
لەئێستادا، ھێزێکی زۆر لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز و دەورووبەری بڵاوکراونەتەوە، ئەوەیش بە ئامانجی بەرگرتن لە ھەوڵی خۆپیشاندەران لە ھەڵکوتنەسەر ناوچەکە.
رۆژی چواری ئەم مانگە سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری رایگەیاندبوو، سکاڵایان لە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان، پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کردووە کە تیایدا داوا دەکەن، ئەنجامە کۆتاییەکان ھەڵبوەشێندرێتەوە.
رۆژی ٣٠ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتایییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند.
بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکان، ھاوپەیمانیی فەتح کە باڵای سیاسیی گرووپە چەکدارە شیعەکانە، بە بەدەستھێنانی ١٦ کورسی دۆڕاوی سەرەکی ھەڵبژاردنەکانە، لەکاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، بە بەدەستھێنانی ٤٨ کورسی براوەی دووەمی ھەڵبژاردنەکان بوو.
رۆژی یەکی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی، رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵیی کردووە.