Zeynep Tüfekçi Gülay
10 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2021
بەغدا - AA
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، هادی عامری باسی لەوە کرد کە عێراق چیتر بەرگەی گرژی زیاتر ناگرێت و داوای لە لایەنەکان کرد هێمنی بپارێزن.
هادی عامری لە بارەی رەوشی عێراقەوە راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "پێویستە چارەسەری گرژییەکانی وڵات بۆ یاسا و ئەو لیژنەیە جێ بهێڵدرێت کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی دژ بە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکان و بە ئامانج گرتنی ماڵی سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی".
عامری نووسیویشیەتی: "هەموومان متمانەمان بە یاسا و دادپەروەری هەیە. داوای پاراستنی هێمنیش لە هەموو لایەنەکان دەکەین. چونکە عێراق توانای بەرگە گرتنی گرژی زیاتری نەماوە. پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەرپرسیاریەتی هەمووانە".
جێی وەبیرهێنانەوەیە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرش کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا و ناوبراو بێ ئەوەی بریندار بێت لە ھێرشەکە رزگاری بوو.
لە میانی خۆپیشاندانەکانی رۆژی ٥ی تشرینی دووەمی گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە ناڕەزایەتی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نیشان دەدەن، پشێویی کەوتەوە و لە ئەنجامی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرێک کوژرا.
لەدوای ئەوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران و میلیشیا شیعەکان بە زمانێکی توند رەخنەیان لە کازمی گرت، ھەڕەشەیان لێ کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە کوشتنی خۆپیشاندەرەکە بە بێ سزا تێپەڕ نابێت.