Heman Hussein Yaseen
07 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2021
هەولێر - AA
دوای دەستپێکردنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان و دوای رێگەنەدان بە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمان بەھۆی کێشەی دانیشتنی پێشووەوە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد.
ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کاوە عەبدولقادر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لەماوەی رابردوودا، چەندین کێشە ھەبوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٦٠ رۆژ جارێک مووچە دەدات و تا ئێستا داھاتەکان دیار نین و ئەو ھەموو گەندەڵییەی ھەیە بۆ بنەبڕ ناکرێت، ئەمڕۆش وەک دەڵێن تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت و بەداخەوە ئەوان ئێمە دادگایی دەکەن و رێگریمان لێ دەکەن بچینە ھۆڵی پەرلەمان، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ جۆریکی دیکە ناڕەزایەتییمان دەربڕی و ھەر شتێک پێویست بێت لە بەرژەوەندی خەڵک بێت ئێمە درێغی ناکەین".
کاوە عەبدولقادر گوتیشی: "من لەناو پەرلەمان پەیڕەوەکەم بەرزکردەوە و ماددەکانم خوێندەوە لە ھیچ ماددەیەک باس لەوە نەکراوە ئەگەر پەرلەمانتار ناڕەزاییەتییەکی دەربڕی و ناڕەزایەتییەکە بە دڵی سەرۆکی پەرلەمان نەبێت، ئەوا پەرلەمانتار بکرێتە دەرەوە، پەرلەمان موڵکی ھیچ لایەن و حزب و ھیچ کەس نییە و ناکرێت بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی بەکاربێت و بڕیاری رێگریکردن لە دکتۆر کازم فاروق لە بەشداریکردنی لە دانیشتنی ئەمڕۆ بڕیارەکە شوورەییە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆیە ئێمە ناڕەزایەتییمان دەربڕی و بایکۆتی دانیشتنەکەمان کرد، ھەر بۆیە ئەمە دووجار نایاساییە لەبەر ئەوەی لەناو کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە کە لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێت، بەڵام ئێستا ھێزە ئەمنییەکان لە دەرەوە رێگرییان کردووە کە کازم فاروق بچێە ناو پەرلەمان و ئەمەش بڕیارێکی نایاساییە".
کاوە عەبدولقادر هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژە پێشکەشکراوەکان کرد و گوتی: "ئێمە چەندین پڕۆژەمان پێشکەشکردووە، ھەر بۆ زانیاریتان من بەتەنیا چوار پرسیارم ئاراستەی حکوومەت کردووە و چەندین پڕۆژەمان لەناو دۆڵابەکانی پەرلەمان کەوتووە، پڕۆژەبڕیاری گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە و چەندین پڕۆژەی دیکە".
کاوە عەبدولقادر ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەوان بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانیان کردووە و راشیگەیاند کە پێویستە بەزووترین کات بڕیارەکە ھەڵبوەشێتەوە و بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەش ھەموو ئەو رێگا مەدەنییانە دەگرینەبەر و درێغی ناکەین.