Zana Natık Kerem
07 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
دەزگای دژەتیرۆری عێراق کوژرانی ٦٠ تیرۆریستی داعشی لە زنجیرە چیاکانی حەمرین راگەیاند.
لە راگەیەنراوێکدا دەزگای ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنی (شێری ئامادە) لە مانگی رابردوو بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە چیای قەرەچووغ ئەنجامدرا و لە میانیدا، ١٢٠ حەشارگە خاپوورکران و ٢٧ تیرۆریستیش کوژران، ژمارەیەک تیرۆریستی دیکە لە ناوچەکە بەرەو زنجیرە چیاکانی حەمرین ھەڵاتبوون و ھاتووە:
"ھێزەکانی دژەتیرۆر ئەو حەشارگانەی کە تیرۆریستانی داعش لە چیای حەمرین خۆیان تیادا حەشاردابوو ئاشکراکرد و لەبەرواری ٢٥ی مانگی رابردوو، حەشارگەکان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقەوە بۆردومانکرابوون".
بەپێی راگەیەنراوەکە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، وێرای خاپوورکردنی حەشارگەکان، ھەروەھا ٦٠ تیرۆریستی داعشیش کوژران.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە کە ھێزەکانی دژەتیرۆر بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی ریشەکێشکردنی تیرۆریستانی داعش.