Rewa Mahmood Hasan
30 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی- AA
مشتومڕی ئهنجامدانی گۆڕانکاریی و هەمواركردنهوهی دەستووری عێراق ماوەیەکە لەنێو گۆڕەپانی سیاسیی، ئەکادیمیی و شەقامی عێراقیدا بووەتە جێگهی باسوخواس، لە بەرامبەردا پێکهاتەکانی عێراق ترسی ئەوەیان هەیە هەندێک لە مافەکانیان لەلایەن پێکهاتەی زۆرینە سیاسییەکانی وڵاتەوە پشتگوێبخرێت.
کورد یەکێکە لەو پێكهاتانهی عێراق کە لەگەڵ ئەوەی ئامادەکاریی دەکەن بۆ بابەتەکانی هەمواركردنهوهی دەستوور، هاوکات نایشارنەوە ترسی ئەوەیان هەیە هەندێک لە مافە جێگیرکراوەکانیان لەمیانی هەمواركردنهوهی دەستووردا لەدەستبدەن، بۆیە بژاردەکانی ئەو پرسەش تاوتوێدەکرێت لەنێو ههریهك گۆڕەپانی سیاسیی، ئەکادیمیی و لەسەر ئاستی شەقامیش.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد سەبارەت بە هەمواركرنهوهی دەستووری عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا، داواکردنی ئهنجامدانی گۆڕانکاریی و هەمواركردنهوهی دەستووری عێراق خواستی گەلانی عێراق یان خۆپیشاندەران نییە بەڵکو ئەجێندای سیاسیی لایەنەکانی عێراقە و رایگهیاند: "بەبۆچوونی من ئەم داواکارییە خواستی سیاسییەکانە و خزێنراوەتە نێو داخوازیی خۆپیشاندەرانهوه، دوای ئەوە، بابەتەکە زۆر جێگەی مەترسی نییە لەبەرئەوەی دەستوور خۆی لهخۆیدا بۆ رێکخستنی کۆمەڵگەیە، ناوبهناو کۆمەڵگە خۆی چەندین گۆڕانکاریی تێدا درووستدەبێت، دەستوور کە لە ٢٠٠٥ەوە داڕێژراوە، لەماوەی ئەم ١٤ ساڵەدا چەندین گۆڕانکاریی گەورە روویداوە لە بواری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا، بۆیە پێویستە دەستووریش لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بڕوات".
لەبارەی خواستەکان و هێڵە سوورەکانی هەرێمی کوردستان سهبارهت به هەمواركردنهوهی دەستوور، بەشیر حەداد رایگهیاند: "بە دڵنیاییەوە دەستوور خۆی لهخۆیدا هێڵی سووری هەیە کە ناکرێت دەستکارییان بکرێت، کوردیش هێڵی سووری هەیە".
لەبارهی بوونی هەر ترسێک لە پشتگوێخستنی مافە دەستووریەکانی پێکهاتە و کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی عێراق لە هەمواركردنهوهی دەستوور لە دۆخی نوێی عێراقدا، بەتایبەت کاتێک دەستووری ئێستای عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا جێگیرکراو مافی سەرجەم کەمینەکانی تێدا دەستەبەرکرا، بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا، هەمواركردنهوهی دەستوور، سەروەریی عێراقە بێ دەستوەردانی هیچ لایەنێکی دەرەکیی و گوتی: "بەڵام بێگومان ئەو دڵنیاییە ئامادەیی هەیە، هەموو پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەن مافی گەلانی عێراق پارێزراوبێت لەنێو دەستووردا. هەرکاتێک زانیمان گرهنتیی زامنكردنی مافەکانی نەتەوە و کەمینەکان نییە لە هەمواری دەستووردا، ئەوکات بەهیچ شێوەیەک لەگەڵیدا نابین".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژهی بهوهكرد ئهگهر بینیمان لە ئەگەری رێكنەکەوتنی لایەنەکاندا، دهست بۆ کەمکردنەوەی مافەکانی کورد دهبرێت، ئەوا لەوانەیە یەکێک لەو پرسانەی بیخهینه بهرباس بژاردەی کۆنفیدڕاڵیی بێت، کە ئێستا سوننەکانیش لەگەڵیدان.