Mazın Asad
27 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2018
تاشکەنت - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا لە پشتیوانیکردنی ئەفغانستان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت و گوتیشی: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بانگەوازی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غانی دەکەین بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان بەبێ مەرجی پێشوەختە لەگەڵ تاڵیبان. ھیواخوازین ئەم بانگەوازییە فەرامۆش نەکرێت".
چاوشئۆغڵو لەمیانی گوتارێکی لە کۆنفڕانسی "پرۆسەی ئاشتی، ھەماھەنگی لە بواری ئاسایش و ھاوبەشی ناوچەیی" لەبارەی ئەفغانستان لە تاشکەنتی پایتەختی ئۆزبەکستان رایگەیاند ئاشتی یەکجارەکی لە ئەفغانستان بە سایەی ئەو کۆبوونەوانەی لە لایەن حکوومەتی ئەفغانستان بەڕێوە دەچێت دەستەبەر دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بانگەوازی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غانی دەکەین بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان بەبێ مەرجی پێشوەختە لەگەڵ تاڵیبان. ھیواخوازین ئەم بانگەوازییە فەرامۆش نەکرێت. دەمانەوێت گشت گرووپەکانی ئەفغانستان دان بە حکوومەتی ئەفغانی بنێن و ئیدانەی توندوتیژییەکان بکەن و ببنە بەشێک لە نێو سیاسەتی شەرعی ئەو وڵاتە".
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا کە زۆربەی کێشەکانی ئەفغانستان لە دەرەوەی سنوورەکەی سەرچاوە دەگرێت و جەختیشی لەسەر گرنگی ھەماھەنگی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەفغانستان کردەوە.
-"لە ساڵی ٢٠٠١ تاکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار ھاوکاری پێشکەش کراوە"
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان روونیشی کردەوە کە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ ئەفغانستان درێژخایەنە و گوتیشی: "تاوەکو برا ئەفغانییەکانمان پێویستیان بە ھاوکاری بێت، ئێمە لە لای ئەوان دەبین. پشتیوانی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی پێشکەش دەکەین. لە سەرەتاوە بەشێکین لە ھێزی پشتیوانی ئەمنی نێودەوڵەتی. لە ساڵی ٢٠٠١ تاکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار ھاوکاری پێشکەش کراوە".