Rewa Mahmood Hasan
14 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی - AA
پۆلیسی سلێمانی دەستگیر کردنی بکوژانی دوو گەنجەکەی شەوی رابردووی بەردەم مزگەوتەی گەورەییان راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکەن کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامی هەیە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی سەرکەوت ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بکوژی دوو گەنجەکەی شەڕەچەقۆی شەوی رابردووی بەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانیان دەستگیر کردووە و دوو کەسی تریشیان بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە رووداوەکە دەستگیر کردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی سەرکەوت ئەحمەد رایگەیاند، ''بەداخەوە شەوی رابردوو سەعات ١٠:١٥ بەهۆی شەڕە چەقۆوە دوو گەنج لەبەردەم مزگەوتی گەورە بریندار دەبن و پاش ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانە کران گیانیان لەدەست دا''.
ناوبراو دەڵێت، ''لەپاش شەڕەکە دوو تۆمەتباری رووداوەکە هەڵدێن و دواتر لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیر دەکرێن. دانیان ناوە بە تاوانەکانیاندا کە بکوژی ئەو دوو گەنجەن کە بەهۆی شەڕەچەقۆوە گیانیان لەدەست دا. هاوکات دوو کەسی تر لە تۆمەتبارەکان بە گومانی تێوەگلانیان لەو رووداوە دەستگیر کراون''.
سەرکەوت ئەحمەد دەڵیت، ''دووان لە تۆمەتبارەکە دانیان ناوە بە تاوانەکەیانداو دەرکەوتووە کە بکوژی ئەو دوو گەنجەن کە لەدایک بووی ١٩٩٦ن''.
شەوی رابردوو سەعات ١٠:١٥ لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەهۆی دەمەقاڵێوە شەڕەچەقۆ لەنێوان چەند گەنجێکدا روودەدات و بەهۆیەوە دوو گەنج کە لەدایکبووی ١٩٩٦ن گیانیان لەدەست داو بکوژان هەڵاتن''.