Zana Natık Kerem
06 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند، ئەرک و بەرپرسیاریەتی ئەو ھێزە ئەمنییانەی دیاریکردووە کە بەرپرسن لە پاراستنی قەزای شنگال.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، لیوا روکن جەبار تائی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق (ina.iq) گوتی: "لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پاراستنی قەزای شنگال لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی ھێزەکانی سوپا، پۆلیسی خۆجێی و دەزگای ئاسایشەدایە، ئەوەیش تەنھا بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دەزگای ھەواڵگریی".
لیوا روکن جەبار تائی گوتیشی: "رێگە بە ھیچ ھێزێکی چەکدار و نا چەکدار نادرێت لە قەزای شنگال بوونی ھەبێت یان مامەڵە بە کاروباری ئەمنی قەزاکە بکات".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاندبوو کە تەواوی گرووپە چەکدارییەکان لە شنگال کشاونەتەوە.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانی دووبارەکرانەوە لە قەزای شنگال کە دووبارە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان، بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارەبوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.