Sarmand Hameed
19 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2021
ههولێر-AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی رایگەیاند، هەرچییەک پێویست بێت دەیگەیەننە دەڤەری راپەڕین، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو ناوچەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشان کردووە.
سەباح هەورامی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: "بەداخەوە بەگوێرەی داتاکانی نەخۆشخانەکانی راپەڕین و ئەو تووشبووانەی دەڤەرەکەش کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی، زۆربەی ئەو تووشبووانەی گیانیان لەدەستداوە بەداخەوە گەنجن و بەشێکی زۆریان تەمەنیان لەخوار ٣٥ ساڵەوەیە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی لەبارەی هۆکارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە دەڤەری راپەرین ئاشکرای کردووە کە، "بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، هۆکارەکانی بۆماوەیی کاریگەری لەسەر کۆرۆنا هەیە و وا دەردەکەوێت خەڵکی دانیشتووی راپەڕین بەرگرییان بەرامبەر بە کۆرۆنا لاوازتربێت".
راشیگەیاندووە: "ئەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە لە نەخۆشخانە داخڵ نەکراون لەبەر ئەوە هانی هاووڵاتییان دەدەین ڤاکسین وەربگرن".
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، سێ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار و ٣٨ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، ٣٥٠ هەزار و ٩٨٧ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمار کراوە و شەش هەزار و ١٥٩ کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ٣٢٦ هەزار و ٤٨٥ کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا ١٨ هەزار و ٣٤٣ کەس لەژێر وەرگرتنی چارەسەرییدا ماون.