Rewa Mahmood Hasan
19 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2021
سلێمانی - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار داوای لێبوردن لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد و رایگەیاند "وادیارە، هەندێك لە بەرپرسانی کۆمەڵی دادگەریی، لەبەر ئەو بارەدەرونییەی سەرەنجامی هەڵبژاردن، ئەم بە ناشەرعی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان، پێ ناخۆش بووە و رەخنەیان لێگرتووین".
مەلا بەختیار لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە بەناونیشانی "داوای لێبوردن" و تیایدا ئاماژە بە گرتە ڤیدیۆییەکی دوێنێ دووشەممە دەکات کە بڵاوکردنەوەی بەشێوەیەکی دوور لە ئەمانەتی میدیایییەوە بۆتە هۆی نیگەرانیی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەریی و رایگەیاندووە ''دانیشتنی دۆستانەی بەندە و برایانی پارتی، بەهۆی ئاخاوتنی گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریییەوە کە فەرمویەتی، بەشداری لە حکوومەتی عێراقدا ناکەین. لە چرکەساتێکدا بەبێ مەرام باس کرا. بەئاسایش لە کاتی باسکردنەکەدا، پێکەنین، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکرایەوە و ئەمانەتی میدیایی تیایدا نەپارێزراوە، بەندە بەڕۆشنی گووتومە: کۆمەڵی دادگەریی بڕیارێکی واقیعی داوە. خوانەخواستە هیچ مەبەستێکم بۆ کەمکردنەوەی پێگەی کۆمەڵ "ی دادگەریی" لە قسەکانمدا نەبووە".
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا نووسیویەتی "وادیارە، هەندێك لە بەرپرسانی کۆمەڵی دادگەریی، لەبەر ئەو بارەدەرونییەی سەرەنجامی هەڵبژاردن، ئەم بە ناشەرعی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان، پێ ناخۆش بووە و رەخنەیان لێگرتووین".
مەلا بەختیار لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوای لێبوردن لەو ئەندام و سەرکردانەی نێو کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەکات کە نیگەران بوون بەو گوتەیە و رایگەیاندووە "لێرەدا، بەش بە حاڵی خۆم، دەڵێم: ئەگەر بە ئاستەم بەڕێزانی کۆمەڵ، نیگەران بوون، داوای لێبووردنیان لێدەکەم. دڵنیاشم ئەگەر باش گوێیان لە قسەکان گرتبێت، بەرپرسانە رای خۆمان وتووە".