Sarmand Hameed
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای وڵاتەکە دەستیان بەسەر زیاتر لە ٣٥٠ مین و بۆمبی چێنراو و کەلوپەلی بەکارهێنراو لە تەقینەوەدا گرت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بڵاویکردەوە، پشت بەست بە زانیاری ھەواڵگریی، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە قەزای کەرمە و حەدیسە سەربە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق، دەستیان بەسەر ٣٥١ مین و بۆمبی چێنراو و کەلوپەلی تەقینەوەدا گرت
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، مین و بۆمب و تەقەمەنییە دەستبەسەرداگیراوەکان بریتی بووە؛ لە ٩٧ بۆمبی چێنراو، ١٥١ ئامرازی تەقینەوە، ٦٧ پاتری و وایەر کەلوپەلی دیکەی بەکارهێنراو لە تەقینەوە، ٢٤ پارچە فیشەکی جۆراوجۆر و ١١ مین.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە مین و بۆمب و تەقەمنییە دەستبەسەرداگیراوەکان پاشماوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە و سەرجەمیان لەلایەن تیمەکانی ئەندازەی سەربازییەوە ھەڵگیراونەتەوە و لەنێو بردراون.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات.