Bekir Aydoğan
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
لە شاری هەولێر رێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی ئەوە ٣٨ چالاک و سیاسەتمەدارەی تورکمان رێکخرا کە لە دووی ئەیلوولی ١٩٩٦ لە لایەن سوپای عێراقەوە بەرەو بەغدا راپێچ کران و دواتر وەک ئەوەی بەرەی تورکمانی دەلێت، بە بێ هیچ دادگاییەک لەسێدارە دران.
رێوڕەسمەکە لە بارەگای لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراقی بەڕێوەچوو و تیایدا کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێم و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعرووف و ژمارەیەک بەرپرسانی تورکمان و خێزانی شەهیدەکان ئامادە بوون.
لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە و دواتر کۆمەڵێک زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسە تورکمانانە خرانەڕوو کە لە سالی ١٩٩٦دا لە سێدارەدران، بەشێک لە خێزانی شەهیدەکانیش گوتاریان پێشکەش کرد.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە رابردوودا بە داخەوە، کە شەڕی ناخۆیی و براکوژی کرا، ھەموو مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە کەوتنە ژێر کاریگەری شەڕەکە. لە میانی ئەو پێکدادانەدا، رژێمی بەعس بە دەرفەتی زانی کاتێک ھاتە ناو ھەولێر، لە دووی ئەیلوول ھێرشیان کردە سەر بارەگاکانی بەرەی تورکمانی و ٣٨ کەسایەتی سیاسی و چالاکوانی تورکمانیان رفاند. ئەو چالاکوانانەیان سەرەتا بۆ مووسڵ و دواییش بۆ بەغدا گواستووەتەوە. ئەو کەسانە بەبێ ھیچ دادگایییەک لەسێدارە دران و شەھید کران".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "لەو کاتەدا ئەو کۆمەڵکوژییە کاریگەری زۆری لەسەر کۆمەڵگای تورکمان و بزووتنەوەی تورکمانی و بە تایبەتی بەرەی تورکمانی ھەبوو کە ماوەی یەک ساڵ بوو دامەزرابوو. ئەو کردەوەیە لەبەرچاوی ھەموو جیھان ئەنجام درا. ئەوە یەکەم کۆمەڵکوژیی نەبوو، لە ھەمووشیاندا خەڵکی بێ تاوان بەر شاڵاوی دڕندەیی بەعس کەوتن".
بە گوتەی ئایدن مەعرووف ئەو کەسانە بەهۆی بۆچوونی نەتەوەییان لەسێدارەدراون و لەمبارەیەوە رایگەیاند: "بەراستی ئەو کەسانە تەنیا لەبەر ئەوە لەسێدارەدران کە بۆچوونی نەتەوەییان ھەبوو و تورکمانبوون. تەنانەت تەرمەکانیشیان رادەست نەکرانەوە و دوای رووخانی رژێمی بەعس تەرمەکان گەڕێندرانەوە و رادەستی کەسوکاریان کرانەوە".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئێستا ٢٥ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە تێپەریووە. تا ئێستاش تەرمەی بەشێک لەو ئازیزانەمان وەرنەگرتووەتەوە. داوای لێخۆشبوون بۆ شەھیدەکانمان دەکەین و هیوای سەبوری بۆ خانەوادەکان و کۆمەڵگای تورکمان دەخوازین".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانێت کە ماف بۆ کەسوکاری شەهیدەکان بگێڕنەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە وەک بەرەی تورکمانی خۆمان بە خاوەنی ئەو شەھیدانە دەزانین و بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین کە مافەکان بۆ کەسوکاریان بگێڕینەوە و لەم چوارچێوەیەشدا ساڵانە لە ھەموو بارەگاکانی بەرەی تورکمانی لەسەرانسەری عێراق یادی شەھیدەکانمان دەکەینەوە".
دەربارەی ماف و ئیمتیازاتی شەهیدەکان، ئایدن مەعرووف گوتی: "دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئێمە داوامان لە حکوومەتی نوێی عێراق کرد کە مافی مەعنەوی کەسوکاری شەھیدان بگێڕێتەوە و قەرەبوویان بکرێتەوە و ئەو داوایەمان پەسەند کرا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و قەرەبووی بەشێک لە کەسوکاری شەھیدان کرایەوە. ھاوکات لەلایەن حکوومەتی ھەرێمیشەوە ئیمتیازی شەھیدانە بۆ کەسوکاری شەهیدەکان دابینکراوە و بەو شێوەیە قەرەبوویان دەکرێتەوە".
لای خۆیەوە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای هیوای خواست جارێکی دیکە کارەساتی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە و رایگەیاند: "وەک کۆماری تورکیا هەمیشە پشتیوانی برا تورکمانەکانمان بووین، لە ئایندەشدا بەردەوام پشتیوانییان لێدەکەین. تورکمانەکان پردێکی دۆستایەتییان لە نێوان تورکیا و عێراق دروست کردووە".