Fakhradin Ibrahim Mohammad
10 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
گومانەکان بۆ جارێکی دیکە پەرەسەندنی چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراق، نیگەرانی بە هێزە ئەمنییەکان و کۆمەڵگای عێراقی بەدیارخستووە و سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کردە تیرۆریستییەکانیان، چەکدارانی ئەو رێکخراوە لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق توانای پەلاماردانیان هەستی پێ دەکرێت.
داعش لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا، زۆرترین هەژموونی خۆی بە داگیرکردنی مووسڵ نیشاندا و دواتر خەلافەتەکەی راگەیاند.
ناڕەزایەتییەکانی پەنگخواردووەی کۆمەڵگای عەرەبی سوننە لە عێراق و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی شیعە لە ناوچە سوننە نشینەکان، هانی سوننەکانی دەدا کە لە چوارچێوەی گرووپ و لایەنی سیاسیی و چەکداریی جۆراوجۆر دژایەتی حکوومەتی تازە دامەزراوی عێراق بکەن، ژمارەیەک لە گرووپە سوننەکان بەیعەتیان بە بەرفروانترین رێکخراوی چەکداریی ناڕازی لە ناوچەکە (داعش) دا، بەڵام هەر زوو سوننەکانی عێراق هەستیان بە مەترسی داعش کرد و دژ بەو رێکخراوە چەکدار بوون.
شەڕی داعش بە رواڵەت سێ ساڵ و نیوەی خایاند و ئاکامەکەی وێرانی و ئاوارەبوونی بە تایبەتی ناوچە سوننە و کوردنشینەکان بوو. زۆرترین زیانمەندی کردە تیرۆریستییەکانی داعش خەڵکی هەر یەک لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەددین، نەینەوا، دیالە و کەرکووک بوون کە زۆرینەی دانیشتوانیان عەرەبی سوننەن.
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ کۆتاییهاتنی داعشی لە رووی سەربازییەوە راگەیاند و ئەوە وەک مژدەیەک بە خەڵکی عێراق راگەیەندرا و ساڵانە ئەو رۆژە لە سەرانسەری عێراق بە پشووی فەرمی یادی دەکرێتەوە.
لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی سوپای ئەمریکا لە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، کوژرا و ئەوە بە گورزێکی کوشندە بۆ رێکخراوەکە پێناسە کرا. ئەگەر چی جێگرەوەی بەغدادی وەک ئەو دەنگدانەوەی نەبووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نەبوو کە رێکخراوەکە کۆتایی پێبێت.
ئەگەرچی هۆکارەکانی دووبارە پەرەسەندنەوە داعش لە عێراق زۆرن، بەڵام گرنگترین ئەو هۆکارانە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییە عێراقییەکانن کە لە چەند ناوچەیەک بۆشایی ئەمنی هێزەکانی لێکەوتووەتەوە و رمبازێنی داعشی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوە جگە لە دۆخی ئابووری ئەو ناوچانەش کە داعش کەڵک لە ناڕەزایەتییەکانیان وەردەگرێت و دژبە حکوومەتی ناوەندی بەکاریان دەهێنێت.
ئێستا دوای سێ ساڵ چاوەکان لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی-یە کە باس لە بەرنامەیەکی نوێ و چاکسازیی لە کۆی سێکتەرە کارگێری و ئەمنی و ئابووری عێراقدا دەکات. ئەزموونی مستەفا کازمی تا ئێستاش لەلایەن کۆمەڵگای عێراقەوە چاودێری دەکرێت و نیشانەکەشی کۆتایی هاتنی مەدەنیانەی ئەو خۆپیشاندانانە بوو کە لە ساڵڕۆژی خۆپیشاندان بۆ کۆتاییهاتن دەسەڵاتی عادل عەبدولمەهدی لە عێراق ئەنجامدرابوو. خۆپیشاندەران بە خواستی خۆیان تەنها بۆ چەند رۆژێکی دیاریکراو بۆ جەختکردنەوە لەسەر خواستی چاکسازی لە وڵاتەکەیان لە گۆڕەپانی شارە گەورەکان گردبوونەوە و دواتر کۆتاییان پێ هێنا.
پێدەچێت مستەفا کازمی تەواوکردنی ئەرکەکانی لە هەڵبژاردنی شەشی حوزەێرانی ساڵی داهاتوودا ببینێت کە بەڵێنی ئەنجامدانەکەی بە خەڵکی عێراقی داوە بۆ کۆتاییهاتنی یەکجاری بە ناڕەزایەتییەکان. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە جاروبار بە کەڵکواژوو کردن و خراپ بەکارهێنانی، بیری توندوتیژی و ئیرهابی لێکەوتووەتەوە.