Zana Natık Kerem
15 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل داوای کرد گوندی کۆجۆ بکرێت بە ھێمای کومەڵکوژیی ئێزدییەکان، ھەروەھا داواشی لە مەرجەعە ئاینییەکان کرد کە فەتوایەک بۆ بەحەرامکردنی خوێنی کەمینەکان دەربکەن.
مەحما خەلیل لە حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دانیشتوانی گوندی کۆجۆ سەربە قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدرا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "ئەو کۆمەڵکوژییەی کە حەوت ساڵ لەومەبەر لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرامبەر دانیشتوانی گوندی کۆجۆ ئەنجامدرا، ھێمای برێنێکی قووڵە کە ھێشتا لە جەستەی ئایینیی ئێزدی-دا دەچۆرێت، ئەوەیش دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش ژمارەیەک کەسی بێتاوانیان لە پیاو، سەرۆکھۆز، ئافرەت و بەساڵاچوان کومەڵکوژ کرد و ژمارەیەکی زۆریش لە کچان و ئافرەتانی دیکەیان وەک کەنیزە رفاند."
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل لە بەشێکی راگەیەنراوەکەیدا داوای لە مەرجەعە ئایینییەکان کردووە کە فەتوایەک بۆ بەحەرامکردنی خوێنی کەمینەکان بە تایبەتیش پێکھاتەی ئێزدی دەربکەن بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت بە پێکھاتەی ئێزدی و کەمینەکانی دیکە لەوەی لە داھاتوودا بەرەوڕووی کۆمەڵکوژیی نابنەوە.
مەحما خەلیل ھەروەھا راشیگەیاندووە کە تا ئێستا وەک پێویست ھەوڵ بۆ چارەسەکردنی پرسی ئێزدییەکان نەدراوە و گوتی: "لەو باوەڕەداین کە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە داھاتوودا بەردەوام بێت کە ئەمەیش ترسی لای پێکھاتەی ئێزدی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دروستکردووە، بۆیە ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە کە لە ئاوارەیی ژیان بەسەر بەرن باشترە لەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان ئەوەیش بەھۆی دابین نەکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیاندا."
گوتیشی: "ئەگەر یاسایەک بۆ دادگاییکردنی تاوانباران ھەبووایە و ھێزە سیاسییەکانیش ھاوڕابوواین لە چارەسەرکردنی پرسی ئێزدییەکان، ئەوا دووبارە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان ئاوەدان دەکرانەوە و ئاوارەکانیش بیریان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان دەکردووە و ھەوڵەکانیش زیاتر بۆ رزگاکردنی رفێندراوان دەخرانەگەڕ و کۆمەڵکوژیش بەردەوام نەدەبوو."
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا داوای کردووە کە گوندی کۆجۆ بکرێت بە ھێمای کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، ھەروەھا بکرێت بە ناحیەیەک کە لە رووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای شنگال بێت.
گوندی کۆجۆ بە دووری ٢٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال و بە گەورەترین گوندی ئێزدییەکان و دوا سنووری ناوچەکانی نیشتەجێی ئێزدییەکان دادەنرێت، دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەر لەو کارەساتەی بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، ٧٨٠ خێزان بوون و لە عەشیرەتی "مەنتکان"ی ئێزدییەکانن.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەزار و ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی گوندەکە رفاند و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو ژمارەیە، ٧٠٠ کەسیان کۆمەڵکوژ کراون کە تا ئێستا رووفاتی ٢٤٦ قوربانی لەلایەن حکوومەتی فیدڕالییەوە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادیی بەغدا کراون کە لەو ژمارەیە تەنها ١٠٤ کەسیان ناسراونەتەوە.
لەئێستادا گەڕان بە دوای دۆزینەوەی رووفاتی قوربانییانی ئێزدی لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی دیکە بەردەوامە.