Zana Natık Kerem
15 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە ١٣٠ چاودێری نێودەوڵەتیی بۆ چاودێکردنی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوودا ئەنجام بدرێت، بڵاودەکرێنەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بڵاوکردنەوەی ئەو ١٣٠ چاودێرە لە چوارچێوەی کاری نووسینگەی یارمەتیدانی ھەڵبژاردن سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دێت، بە ئامانجی فراوانکردنی ئاسۆی چاودێری نێودەوڵەتیی بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان.
روونیشی کردووەتەوە کە نووسینگەکە کار دەکات بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پەیوەست بە چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان، ئەوەش لە میانی بڵاوکردنەوەی ١٣٠ چاودێری نێودەوڵەتیی لەسەرتاسەری عێراق.
سێ ھەزار و ٥٢٣ کەس کە نوێنەرایەتی ٤٤ ھاوپەیمانیی و٢٦٧ پارت دەکەن، خۆیان کاندیدکردووە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر ٣٢٩ کورسی.