Heman Hussein Yaseen
16 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایدەگەیەنێت کە لەسەری ساڵەوە تا ئێستا بەهۆی سەرپێچی و پابەند نەبوونەوە، بە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دینار سزای هاووڵاتییان دراوە و ئاماژەش بەوە دەکات کە ٢٨ لیژنەی قایمقامییەت هەیە بۆ بەدواداچوونی سەرپێچییەکان.
ماوەیەکە قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر هەڵمەتێکی دەستپێکردووە و بەردەوام دەست بەسەر ئەو کۆگا و ناوەندانەدا دەگیرێت کە کەلوپەل و خۆراکی ماوە بەسەرچووی تێدایە و رووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە.
قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر، سەرپەرشتی ٢٨ لیژنە دەکەین کە رۆژانە کارەکانیان ئەنجام دەدەن لە هەمو روویەکەوە بۆ چاودێری خۆراک، دەرمانی قڕکەر، ڤێتەنەری، و پاڵاوگەکان، سووتەمەنی، مۆلیدە ئەهلییەکان و رێکخستنی بازاڕ و کۆمەڵێک سێکتەری دیکە، لەم چوارچێوەیەشدا لەماوەی رابردوو چەند جێگایەک دەستی بەسەردا گیرا کە کۆگای خۆراک بوو، بڕێکی زۆر دەرمانی ماوەبەسەرچوو کە تایبەت بوو بە پەلەوەر، ئاژەڵ و ماسی کە دەرمانی واهەبوو قەدەغەکراوبوو، لەم دۆسیەیەش چوار کەس دەستگیرکراون و دوو کەسی دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنییان بۆ دەرچووە".
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "هاووڵاتی ترسی لەوە نەبێت کە هیچ خۆراکێک شایانی خواردن نییە، چونکە ماوەی چەند رۆژی رابردوو هەندێک خواردن کە سەر بە بڕاندێکی گەورەبوو، دەستی بەسەرداگیرا بەڵام مانای ئەوەنییە تەواوی جۆرەکانی ئەم بڕاندە ماوە بەسەرچووە، چونکە لە رێگای دەروازە و گومرگەکاندا داخل دەبن و رێککاری پێویستییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی سزادراون بەم هۆیەوە، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "لە ١/١ تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دینار سزای ئەو شوێنانە بووە کە سەرپێچی کردووە، بە سەدان تۆن خۆراک و دەرمان دەستی بەسەرداگیراوە، سەدان شوێن داخراوە، کافتریاکانی کە بەدەر لە رێنماییەکان کرابوونەوە و شوێنی قومارکردن بوون داخران، لیژنەکانمان بەردەوامن و پێویستمان بە هاوکاری هاووڵاتییان هەیە، ئەگەر تێبینی یان هەر شوێنێک هەیەتی ئەوا ئاگادارمان بکاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە دەیانەوێت شێوازی نووسینی تابلۆکان رێکبخەنەوە و بەو هەڵانەدا بچنەوە کە لە نووسینی تابلۆکاندا هەیە. قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر لەمبارەیەوە گوتی: "ئاگاداری گەشتوگوزار کراوەتەوە لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت، پێداچوونەوە بۆ تابلۆکان بکرێت و پێویستە بە زمانێکی پاراوی کوردی بنووسرێت و ئەمەش مەرجی سەرەکی نوێکردنەوەی مۆڵەتە".