Zana Natık Kerem
07 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
جێگری سەرکۆەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان ئامادەییە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا رێکبکەوێت، بەڵام بەو مەرجەی رێککەوتنەکە دادپەروەرانە و قابیلی جێبەجێکردن بێت.
قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچەی فەرمی گوتی: "ھەرێم ئامادەییە سەرجەم پابەندبوونەکانی جێبەجێ بکات و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا رێکبکەوێت، بەڵام بەومەرجەی رێککەوتنەکە دادپەروەرانە و قابیلی جێبەجێکردن بێت".
جێگری سەرکۆەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەیشدا کە پشکی راستەقینەی ھەرێم لە بوودجەی فیدراڵدا دوای جیاکردنەوەی خەرجییە سیادییەکان، پێنج لەسەدا تێپەڕ ناکات و داواشی کرد کە سەرلەنوێ کۆمپانیای "سۆمۆ" بەجۆرێک دابمەزرێندرێتەوە کە دەستەبەری بەڕێوەبردنی پڕۆسەی بەبازاڕکردنی نەوت بە شێوەیەکی شەفافانە بکات لەنێویاندا نەوتی ھەرێم.
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی قسەکانییدا رەتیکردەوە کە ھەرێم رێککەوتنی فرۆشتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ ھەبێت و گوتی:
"رێککەوتنەکە تەنھا پەیوەستە بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بە خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیھان".
جێگری سەرکۆەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە گفتوگۆکانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گوتی: "نزیکەی یەک ساڵی تەواوە لە گفتوگۆداین لەگەڵ بەغدا، بەڵام گفتوگۆکانی ئەمجارەمان جیاوازە و لەسەر چەند پرسێکە و پەیوەیست نییە بە یەک پرسەوە".
قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "لە ئەنجامی گفتوگۆکانی رابردوومان لەگەڵ حکوومەتی عێراق گەیشتووین بە رێککەوتنێک کە لە پڕۆژەیاسای ٢٠٢١دا جێگیرکراوە، بەڵام گفتوگۆکانی ئێستامان زیاتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانە و پرسەکە لەئێستادا لەدەستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە، بۆیە ئومێد دەکەم بە ئەنجامێکی ئەرێنی، بگەین بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە قابیلی جێبەجێکردن بێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا ھاوکێشەکە دۆڕاندن و بردنەوە قبوڵ ناکات، بۆیە پێویستە ھەمووان لەو لێدوانانە دووربکەونە کە دەچنە خانەی دروشم و بانگەشەکانی ھەڵبژاردن و لە بری ئەوە، گرنگە چارەسەرێکی باش بۆ ئەم قۆناغە بدۆزینەوە".
جێگری سەرکۆەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "لە راستییدا، گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا ئەرێنیی بوون، بەڵام لەئێستادا لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە و ئێمە نزیکین لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو کە قابیلی جێبەجێکردن بێت و ئەوەیش دەبێت بە ھەنگاوێک بە ئاراستەی بنیاتنانی پردی متمانە لەنێوان ھەردوولادا".
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بوودجەی ٢٠٢١، بچێتەوە بەغدا.