Zana Natık Kerem
07 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبیدا، گەیشتە قاھیرە پایتەختی میسر.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حوسێن بەسەردانێک گەیشتووەتە قاھیرە پایتەختی میسر و بەشداری لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبیدا دەکات کە سبەی دووشەممە لە قاھیرە بۆ تاوتوێکردنی پێشھاتەکانی ناوچەکە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا ساز دەکرێت.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی کۆمکاری عەرەبیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەدا کۆدەبێتەوە لەنێویاندا وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئوردن.