Rewa Mahmood Hasan
07 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2021
سلێمانی-AA
ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەتۆمەتی دزینی چەندین کەلوپەلی بیناسازیی و کارەبایی، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.
دوای سکاڵای ھاووڵاتییەک کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی چەندین کەلوپەلی بیناسازیی و کارەبایی لێدزرابوو، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی راپەڕینی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانەوە دەستگیربکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوەکراوە، تۆمەتبارەکە لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە ٤٠ جەگی ئیشکردنی وەستای دار و تەختە، ١٥ جەگی گەورەی دار و تەختە، مۆلیدەیەکی ١٢ ئەمپێری و چەندین کەلوپەی کارەبایی دیکەی دزیوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە '' تۆمەتبار (ع، ک، م لەدایکبوی ١٩٧٩) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٤٣ لە یاسای سزادنی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".