Sarmand Hameed
07 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
هەولێر - AA
پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری داوای لە حکوومەتی فیدڕالی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال.
نەجم جبوری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رووفاتی ١٠٤ کەس لە کوردی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ سەربە قەزای شنگال گوتارێکی پێشکەش کرد.
نەجم جبوری لە گوتارەکەیدا داوای لە حکوومەتی فیدڕالی عێراق کرد ھەنگاو بنێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال کە رووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر بووەتەوە.
پارێزگاری نەینەوا داوایشی کرد بەغدا بوودجەیەکی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال تەرخان بکات بەجۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قەزاکەدا بگونجێت.
ھاوکات داوای کرد کە حکوومەت ھەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ئازادکردنی ئەو رفێنراوانەی دیکەی خەڵکی ناوچەکە کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
پارێزگاری نەینەوا داوای لە حکوومەتی فیدڕالی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال کە لەنێوان ھەردوولادا واژوو کراوە تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، داوایشی کرد پەلە بکرێت لە پێکھێنانی ھێزێکی ئەمنیی لە ئێزدییەکان و ھۆزەکانی قەزای شنگال کە لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و ھەولێردا ھاتووە.
نەجم جبوری داوایشی کرد بەزووترین کات کێشەی ئیدارەی شنگال چارەسەربکرێت تاوەکو ببێتە ھەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزاکە.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکوومەتی فیدڕالی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی قەزاکە.