Heman Hussein Yaseen
15 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2026
بەبۆنەی ڕۆژی دیموکراسیی و یەکێتیی نیشتمانیی و یادکردنەوەی ١٠ساڵەی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٦ کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ ھەوڵی بۆ درا و دواتر لەلایەن گەلی تورکیاوە شکستی پێھێنرا، کۆنسوڵخانەی گشتی تورکیا لە ھەولێر ڕێوڕەسمێکی بۆ ئەم یادە ڕێکخست.
بە ئامادەبوونی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی توکیا حاجی عەلی ئۆزەل، ھۆشیار زێباری وەک نوێنەری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی وەک نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەفین دزەیی وەک نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان مەنسوڕ بارزانی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی عێڕاق سەنعان ئاغا، نوێنەری حکوومەت و حزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ١٠ ساڵەی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف بەرێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوولەکێک وەستان بۆ گیانی شەھیدان دەستی پێکرد و دواتر چەند ئایەتێک لە قوڕئانی پیرۆز خوێنرایەوە، پاشان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی توکیا حاجی عەلی ئۆزەل گوتارێکی پێشکەشکرد و تیشکی خستەسەر گرنگی پاراستنی دیموکراسی، بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و ھاوکاری لە بوارەکانی ئاسایش و پەروەردە کردەوە، ھەروەھا سوپاسی دەسەڵاتەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی بۆ ھاوکارییان لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆرسیتی فەتۆ دەربڕی
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "١٥ی تەمووز وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە گەلی تورکیا تێیدا دیموکراسی و ئیرادەی نیشتمانی خۆی پاراست، ھاوکات لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا تورکیا توانیوویەتی دامەزراوە دیموکراتییەکانی بەھێز بکات و لە سیاسەتی دەرەوەشدا ئاشتی، سەقامگیریی و دیالۆگ بکاتە بنەمای ھەڵسوکەوتی خۆی. ھەروەھا سوپاسی دەسەڵاتەکانی عێراق، ھەرێمی کوردستان و ھەموو ئەوانە دەکەم کە لە کاتی ھەوڵی کودەتاکەدا پشتگیرییان لە تورکیا کرد".
ئۆزەل گوتیشی: "فەتۆ تۆڕێکی سیخوڕی و تاوانی ڕێکخراوی جیھانییە کە ناوەندە شەرعییەکانی وەک پەروەردە و بازرگانی و کۆمەڵگەی مەدەنی و فریاگوزاریی مرۆیی بۆ مەرامە گڵاوەکانی بەکاردەھێنێت. ئەم ڕێکخراوە تیرۆرستیە بە خۆدزینەوە لە باج و سپیکردنەوەی پارەوە و ساختەکاریی لە داواکارییەکانی ڤیزای پەنابەران و قاچاخچیەتی کۆچبەران و سەرانە وەرگرتن لەڕێگەی ھەڕەشە تا دەگاتە تاوانی کوشتن، لە مەودایەکی بەرفراواندا ھەڕەشە لە ئاسایشی گشتی دەکات، فەتۆ ئەو ڕێکخراوەیە کە ھەموو بەھا باڵاکانی میللەت و شارستانییەتەکەمانی بۆ مەرامە نزمەکانی خۆی بەکارھێناوە و بووەتە ئامرازێکی دەستی دەزگا ھەواڵگرییە بیانییەکان. لە ھەر وڵاتێکدا بێت، ھەوڵ دەدات دزە بکاتە ناو دامەزراوەکان و سەرچاوەی دارایی و مرۆیی و نفوز بۆ خۆی پەیدا بکات، ئەم ھەڕەشەیە تەنھا پەیوەندی بە تورکیاوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ھەموو ئەو وڵاتانەوە ھەیە کە تێیدا چالاکن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا تیشکی خستەسەر گرنگی پەروەردە و ھەوڵە خراپەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ لە چوارچێوەی پەروەردەدا و، ڕایگەیاند: "پەروەردە یەکێکە لەو بوارە سەرەکییانەی کە فەتۆ ھەوڵی داوە بۆ مەرامەکانی خۆی بەکاری بھێنێت. بەداخەوە دەبینین کە ئێستاش ھەندێک قوتابخانەی سەر بە فەتۆ، خۆیان وەک قوتابخانە و زانکۆی تورکی نیشان دەدەن و گەنجەکانمان و خێزانەکانیان ھەڵدەخەڵەتێنن و دەبنە قوربانی، بۆیە وڵاتەکەمان ھەر لە ڕێگای پەروەردەوە بەھێزترین وەڵام دەداتەوە ئەویش یەکێک لە گرنگترین نوێنەری ئەم ڕێگایەشمان "دەزگای مەعاریفی تورکیا"یە کە لە ئێستادا دەزگای مەعاریف وەک تاکە نوێنەری سیستەمی پەروەردەی تورکیا لە شارە جیاوازەکانی عێراقدا خزمەتگوزاریی پەروەردەیی بە کوالێتی بەرز لە ئاستی باخچەی ساوایانەوە تاوەکو ئامادەیی پێشکەش دەکات".
حاجی عەلی ئۆزەل گوتیشی: "جێگای شانازییە کە قوتابخانەی مەعاریفی ئەربیل بووەتە مەڵبەندی بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاریی، لەو کۆمەڵگا پەروەردەییەی کە ناوی خوالێخۆشبوو "ئیحسان دۆغرەمەچی" ھەڵگرتووە، نموونەیەکی درەوشاوەیە نەک تەنھا لە ئەربیل، بەڵکو لە تەواوی عێراقدا، ھەروەھا بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنم کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامادەکاریی دەکەین بۆ وەبەرھێنانی نوێ لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، مەعاریف لەگەڵ سەرکەوتنەکانی لە ڕووی ئاکادیمییەوە، ڕێبازی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بەھا ھاوبەشە مرۆییەکان و ڕێزگرتن لە کولتوورەکان و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کردووەتە بنەمای کارە پەروەردەییەکانی".
دواتر سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی وەک نوێنەری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی تیشکی خستەسەر یادکردنەوەی ڕووداوەکە و ھاوخەمی خۆی بۆ گەلی تورکیا دەربڕی و جەختی لە ھاوکاری و ھەماھەنگیی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە.
جێی ئاماژەیە رۆژی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦، تیرۆریستانی فەتحوڵڵاچی کە جلی سەربازییان پۆشیبوو، ھاوکات دزەیان کردبووە ناو زۆرێک لە دامەزراوە فەرمییەکانی وەک سوپا و ئاسایش، لە رێگای ھەوڵی کودەتایەکی خوێناوییەوە کە بووە ھۆی شەھیدبوونی ٢٥١ کەس، مەرامی خۆیان ئاشکرا کرد، ھەوڵەکەیان دوای بانگەوازی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پشتیوانیی ھاووڵاتییان کە گۆڕەپانەکانیان لەسەرانسەری وڵات لە پێناو خاوەندارێتییکردن لە دیموکراسیی پڕکرد، مایەپووچ بوو.
تیرۆریستان پیلانیان وابوو کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوای نیوەشەوی ١٦ی تەمووز ھەوڵی کودەتا بدەن، بەڵام کاتێک کە جموجۆڵی نێو سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپایان بینی، تووشی شڵەژان بوون و کاتژمێر ٢٠:٣٠ی ١٥ تەمووز، دەستیان دایە ھەوڵەکەیان و ناوەندی خوێناوییترین شەو کە تیرۆریستان بەسەر تورکیادا ھێنایان، ئەنقەرە بوو.
کاتێکیش کە کاتژمێر بوو بە ٠٣:٢٠ی دوای نیوەشەو، سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆعان لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بۆ ئەو کەسانەی کە ھاتبوون بۆ پێشوازییکردن لێی، گوتی: "ھیچ ھێزێک نییە لەسەروو ھێزی گەلەوە. ئەمە یاخیبوون، جووڵانەوەی ناپاکی و ناپاکییکردنە لە نیشتمان. زۆر بەقورسی باجی ئەمە دەدەن".
لە پارێزگا جیاجیاکانی تورکیا و لە چوارچێوەی ھەوڵی کودەتادا، کەشتیی جەنگیی جووڵێنرا، فڕۆکەکانی جەنگیی جۆری ئێف-١٦ زەوتکران و زرێپۆشەکان تەقەی ھەڕەمەکییان بە دەورووبەری خۆیاندا دەکرد.